چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ڕێگای گوندی خدر جیجە لەسەر بودجەی حکوومەت دروست دەکرێت

جێگری پارێزگاری هەولێر ئاشکرایکرد: لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگای گوندی خدر جیجە وسێ گوندی دیکە دروست دەکرێت، کە نزیکەی 3ملیار و500 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە و ئێستا لە جێبەجێکردن دایە.

مەسعود محەمەد، جێگری پارێزگاری هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: رێگای گوندی خدر جیجە و سێ گوندی دیکە لەگەڵ ڕێگای هەولێر بۆ خەبات دوو پڕۆژەی پێکەوەن و ئێستا لە ڕێگای گوندی خدر جیجەش کار بە بەردەوامی کاردەکرێت تاتەواو دەکرێت، ماوەیەک کارکردنی تێدا وەستا چونکە هەندێک هۆکاری دارایی هەبوو، بەڵام چارە کراوە و ئێستا کاری تێدا دەکرێت و تەواو دەکرێت.
مەسعود محەمەد باسی گوتیشی: بە هەردوو پڕۆژەی ڕێگای هەولێر بۆ کەلەک و ئەو ڕێگایەی بۆ خدر جیجە دەڕوات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بودجەکەی دابین کردووە.
لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی ڕێگای گوندەکانی خدر جیجە، گاوەر، لاوەر و شێخان بە گوژمەی 3ملیار و 489ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت.