كارزان گلی – ههولێر
نزیكەی 30 ساڵ لەمەوبەر، پەرلەمانتارە كوردەكانی سەر بە پارتی DEP لە ناو پەرلەمانی توركیا دەستبەسەر كران، هەروەها چەندین پارتی سیاسی كوردی بە بڕیاری دادگا داخران و بەرپرسەكانیشی خرانە زیندانەوە، دیارترینیان لەیلا زانا و خەتیب دیجلە و ئەحمەد تورك و ئۆرهان دۆغان بوو.
لە ساڵانی 1990ـەوە تا 2004، نزیكەی حەوت پارتی سیاسی كوردی داخراوە، بەڵام هەدەپەش، كە ئێستا لەژێر ناوی یەسەپە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 14ی ئایار چووە هەڵبژاردنەوە، خاوەنی 61 كورسییە، داخستنی ئەگەرێكی بەهێزە، ئەگەرچی سەركردەكانی ئەو پارتە لە 2015 خرانە زیندانەوە، بەڵام پارتەكە تاوەكو ئێستا درێژە بە سیاسەت دەدات و چاوەڕوانی بڕیاری دادگای دەستووری توركیان، كە ئاخۆ بە یەكجاری دایدەخات یان بڕیار دەدرێت وەكو پارتێكی سیاسی بمێنێتەوە.
یەكەم شەڕی پەرلەمانتارە كوردەكان لە پەرلەمانی توركیا
بوونی پەرلەمانتاری كورد لەناو پەرلەمانی توركیا، لەو كاتەدا دەستی پێكرد، كە پارتی گەلی كار (HEP) لە 1990 دامەزرا و لە 20_10_1991 هاوپەیمانیی لەگەڵ پارتی سۆسیال دیموكراتی گەلان (SHP) بەست و توانییان لە هەڵبژاردندا ببنە خاوەنی 18 پەرلەمانتار.
بەڵام كاتێك لەناو پەرلەمان، پەرلەمانتارە تازە دەرچووەكان سوێندی یاسایییان خوارد، خەتیب دیجلە، پەرلەمانتار لەسەر بازنەی ئامەد، لە كاتی سوێند خواردندا گوتی: ”من و هاوڕێكانم، لەژێر فشاردا ئەم مەتنی سوێندخواردنە دەڵێینەوە.“
كاتێك ئەو قسەیەی كرد، ئیدی لەناو پەرلەمانی توركیا هەرایەكی گەورە دروست بوو و فشارەكان بۆ سەر دیجلە زۆر توند بوون، بۆیە سەرۆكی پەرلەمان پێی گوت، وەرە و داوای لێبوردن بكە و بڵێ لەو گوتانەی خۆم پەشیمانم. دیجلە، لەژێر فشاری پەرلەمانتاران ناچار كرا بڵێت، لەو گوتەیەی خۆم پەشیمان بوومەوە.
بەڵام كاتێك نۆرەی لەیلا زانا هات بۆ سوێندخواردن، زانا جیا لە زمانی توركی، بە زمانی كوردی گوتی: ”ئەم سوێند خواردنە بەناوی گەلی تورك و كورد دەخوێنمەوە.“
توركە نەژادپەرستەكان، ئەوەیان پێ هەزم نەكرا، كە زانا دوو وشەی كوردی لەناو پەرلەماندا بڵێت، بۆیە دووبارە فشاریان كردە سەر زانا و جنێویان پێی دا و بە خاین تۆمەتباریان كرد و پەرلەمان زۆر شڵەژا، ئەویش ناچار كرا كە بێتە سەر شانۆی پەرلەمان و گوتی ”قسەكانی خۆم دەگەڕێنمەوە“ واتە پەشیمانم لەو قسەیەی بە كوردی گوتم.
زمانی سیاسەت زۆر توند بوو
دوای ئەوەی پەرلەمانتارەكانی HEP، دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان لە هاوپەیمانیی SHP ڕاگەیاند، لە ترسی داخستنی HEP، پارتێكی تریان بەناوی پارتی دیموكرات DEP دامەزراند، هەرواش دەرچوو و لە 1993 HEP بە بڕیاری دادگای دەستوور داخرا.
ساڵی 1994، شەڕی پەكەكە و دەوڵەتی توركیا تەشەنەی سەند، فشارەكان بۆ پەرلەمانتارە كوردەكان زۆر زیادی كرد و لەناو پەرلەمان زۆر سووكایەتییان پێ دەكرا و زمانی سیاسییەكان لەناو پەرلەماندا زۆر توند و ڕەق بوو.
تانسۆ چیللەر ئاگری شەڕی لە پەرلەمان خۆش كرد
لەو ساڵەدا، هاوپەیمانیی لە نێوان DYP_SHP، دروست بوو و حكوومەیان پێك هێنا، كە تانسۆ چیللەر بووە سەرۆكوەزیران و بۆ یەكەم جار بوو، ئافرەتێك لە توركیا ئەو پۆستە وەربگرێت، بەڵام چیللەر بەرامبەر بە كورد، زۆر بێبەزەیی بوو و تەنانەت لە سەردەمی ئەودا، كورد دووچاری زڵم و ستەم و ماڵوێرانی بووەوە.
چیللەر لەناو پەرلەمانی توركیا وتارێكی پێشكەش كرد و گوتی: ”نە پەرلەمانی گەورەمان و نە ئێمە وەكوو DYP، رێگە نادەین پەرلەمان، پەكەكە لێ هەبێ و بوونی پەكەكە لەناو پەرلەمان راستییەكی ئاشكرایە، بۆیە ئیتر كاتیەتی ئەوان لە پەرلەمان دەربکەین.“
گوتەكانی چیللەر، بە ئاشكرا بەو مانایە دەهات، دەبێت پەرلەمانتارە كوردەكان لەناو پەرلەمان دەربكرێن و بخرێنە زیندانەوە.
بەهۆی ئەوەی، زانا لە 1991دا بە كوردی لەناو پەرلەمان سوێندی خوارد، بۆیە لە 1994، پارێزبەندی لەسەر هەڵگیرا و جیا لەویش، هەریەك لە پەرلەمانتارانی سەر بە DEP (خەتیب دیجلە، ئۆرهان دۆغان، سری ساكك، ئەحمەد تورك و مەحموود ئاڵناك)یش پارێزبەندیان لەسەر هەڵگیرا.
كاتێك ئەو پەرلەمانتارانە پارێزبەندیان لەسەر هەڵگیرا، پەرلەمان زەنگی پشووی لێدا بۆ ماوەی یەك سەعات، بەڵام كاتێك ئۆرهان دۆغان و خەتیب دیجلە چوونە ناو باخچەی پەرلەمان بۆ پشوو وەرگرتن، پۆلیس هەڵیكوتایە سەریان دەستگیریانی كرد، كاتێك دۆغانیشیان بەشێوەیەكی نا مرۆڤانە خستە ناو سەیارەی پۆلیسەوە، ئەویش ئاوڕ لە پەرلەمان دەداتەوە، بەڵام كەس بەهانای نایەت و بەبێكەسی دەخرێتە ناو سەیارەی پۆلیس، لەوكاتەدا وێنەی دەگیرێت، بۆیە ئەو وێنەیە دەبێتە وێنەی سومبولی ساڵ لە توركیا.
كاتێك لەیلا زانا و ئەحمەد تورك و ساری سەكك و مەحموود ئاڵناك، زانیان ئەگەر ئەوانیش لەناو پەرلەمان بێنە دەرەوە دەستگیر دەكرێن، بۆیە لەناو باڵەخانەی پەرلەمان نەهاتنە دەرەوە و شەویش هەر لەوێ مانەوە، بەڵام ئەمە سوودی نەبوو، چونكە كاتێك پارێزبەندیان لەسەر هەڵگیرا و دادگا بانگی كردن، ئیدی پۆلیس هەڵیكوتایە سەریان و ئەوانیشی خستە زیندانەوە.
دوای 10 ساڵ لە زیندان، بەر لێبوردنی گشتی كەوتن و ئازاد كران، بەداخەوە ئۆرهان دۆغان، بەهۆی ئەوەی زۆر ئەشكەنجە درابوو، ساڵێك دوای ئازادبوونی گیانی لەدەستدا.
هەمان سیناریۆ لە 2015، لە توركیا دووبارە بووەوە، بەوەی زیاتر لە 10 پەرلەمانتاری هەدەپە دەستگیر كران، لە ناویاندا سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ، هاوسەرۆكانی هەدەپەی تێدا بوو، بەڵام وەكو داخستنی پارت، تاوەكو ئێستا روون نییە، ئاخۆ دادگای دەستوور بڕیار لەسەر داخستنی هەدەپە دەدات یان نا.