ئهسعهد عهدۆ
هەر لەدێرزەمانەوە ئافرەتی كوردەواری دەورێكی زێده باڵای لە پاراستنی كەلەپووری نەتەوەكەماندا بینیوە، نەك پاراستن بەڵكو هەردەم پاڵەوانی نێو هەقایەت و داستانی قارەمانێتی و ئەڤینی كورد بوە :
خانزادەخانی سۆران، لەعلی خانی گۆڤەیی، عەیشێ ئیبێ، عەدول، بەهاراسمۆ، خەجی سیابەندێ، سورمێی خورشیدی چاوبەخاڵ، مەرزن گیانی شۆڕمەحموودی، خەزاڵە شۆڕی كاكە لاسی، گوڵندامی بارام، فاتمی كوڕ كوژراو، ئەسمەرێ مامەری، ستیی كەریمی، زێڕینی خدرۆكی، شەمسی خان، گوڵیخانی كوللكی، سێوێی محەمەدی، نورێی صالحی پسمام، شەمی دۆتمامی شەمزین، گولیزاری شكاك، خاتو ئەستێی كاكە فەرخ، نازێ و خاتوو تەورێزی ناصروماڵماڵ، و گەلێكی دیكە نموونەی زیندووی فۆڵكلۆری نەتەوەی كوردن !
واتە ئافرەتی كوردەواری نەك لە پاراستنی كەلەپووری كورد رۆڵی گرنگیان بینیوە بەڵكو هەردەم شان بە شانی جوامێران و جحێڵانی كوردەواری بوونەتە پاڵەوانی نێو هەقایەت و داستانەكانی میللەتەكەمان بۆیە رۆڵی ئافرەتی كورد لە كۆمەڵگادا سەرنجی رۆژهەڵاتناسان و گەڕۆكەكانی جیهانیان راكێشاوەو بوونەتە هەوێنی نووسینەكانیان مەنزڵەتیان لە كاركردن و شەرەفمەندی گەیشتۆتە ئەو رادەیە كە بە كچانی خوا لە قەڵەم بدرێن(ئهگهر ههله نهبم ئهم كتێبه له نووسینی ئهو ئافرهته رۆژههڵاتناسه دانیماركییه كه دكتۆر عهزیز گهردی كردوویهتی به كوردی !
میللەتی ئێمە سەرەڕای ئەوە كە دەمێكه خاوەن دەسەڵاتێكی سەربەخۆ نەبوە بەڵام وەك میللەتێكی زیندوو خاوەن شارستانیەت لە ژێر سێبەری ئالی(ئەموئەویش)بێت، تەكانی حوكمڕانی ناوچەیی بووبێ یان میرنشینی درێغیان نەكردوە بەڵكو لاپەڕەكانی مێژوو شاهێدی ئەوەمان بۆ دەدات كە ئافرەتی كورد توانیویەتی لە چوارچێوەی كاروباری نێوماڵ و تایبەتیەتی ژنایەتی دەربچێ و بگاتە ئەو رادەیە حوكمڕانی میللەتیش بكات و جڵەوی سەركردایەتی راپەڕین و شۆڕشیش بگرنە دەست و نێویان لە مێژووی سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری میللەتەكەمان تۆمار بكەن و نەوەی نوێ شانازیان پێوەبكەن !
دوا به دوای لەنێوچوونی ئەو حوكمڕانیە بچووك و كێم دەسەڵاتە كوردیانەو دابەشكردنی خاكی كوردستانی دڵنشین لە نێوان چاوچنۆكانی دەوروبەرمان، رۆڵەكانی میللەت بێ جیاوازی كەوتنە بەرگریكردن دژ بە سیاسەتی شۆڤینیانەی دوژمنانی كورد، ئەوەبوو لەو قۆناغەدا چەندان خاتوونی كوردەواری وەك (قەدەم خێر، كچە نەغەدەیی، مەیان خاتوون، خاتوونی كچە نەقیب و كچانی كوردی ئاوارەی دوورە وڵات وەك عایشە تەیموور، سوهێر قەڵەماوی، كچانی بەدرخان، دوڕیە محەمەد عەلی هەریەكە لە مەیدانێك نێوی خۆیان تۆماركرد !
دوا بە دوای ئەو قۆناغەیش كاروان هەر بەردەوام بوو، نەوەیەكی دیكە هاتنە مەیدان و بوونەتە قۆچی قوربانی كوردو كوردستان بۆیە لە روانگەی ئەو خۆبەختكردنەوە هەموو ساڵێك یادی شەهیدانی رێبازی بارزانی نەمر لەیلا قاسم، بەیان عومەر شەریف، خەجە باوەو دەستە خوشكانیان دەكەینەوە!
لە قۆناغێكی دیكەی ژیانی چەرمەسەری میللەتەكەمان كچانی كورد بۆ ئەوەی لە رەوڕەوی ژیان دوانەكەون هاتنە مەیدانی رۆشنبیری و هونەری . تا دنیا ماوە شوێن پەنجەیان لەولایەنەدا دەدرەوشێتەوە، ئەوەتە ئەڵماص خان، مریەمخان، صبریەكۆر، دایكی كەریم، نەسرین شێروان، ئایشەشان و چەندانی دیكە بۆ خزمەتكردن و پاراستنی گۆرانی فۆڵكلۆری كورد هەڵكێشا
كەچی لەم چەند ساڵەی رابرددا نەیارانی كورد بە هیچ جۆرێك درێغیان لە پێشێڵكردنی كەلەپووری باوان نەكرد، تا گەیشتە ئەو رادەیە سیماو روخساری رابردی میللەتەكەمانیان شێواند ! بۆ ئەوەی نەوەی ئێستاكێ لە شناسنامەی خودی خۆی و بابوباپیران نابەڵەدبن! بەڵێ كەمتەرخەمیان نەكرد بەڵكو بەزێدە نەریتی ئەم كوردەیان ئاڵۆزكرد
بۆیە لە كۆتاییدا دەڵێم : ئەركی ئافرەتی كورد لەم قۆناغە ناسكەو دژوارەودا گەلێ ئەستەمە چونكە پێویستە دایكان و خوشكان و كچانی كورد شان بە شان بەرەو پێشچوون بڕۆن بەڵام نابێ بە هیچ شێوەیەكیش نەریتی رەسەن و جلوبەرگ، خشڵو كارە میللیەكانمان لە تەونوتەونكاری، چنینی هەمەجۆر، شاڵی كوردەواری لە یاد نەكەن چونكە تا دەگەینە ئامانجی سەرەكیمان ماوە ماوە پێویستیمان بەمانە هەیەو دەبێ بەڵكو بنچینەیەكی ئابووری میللەتەكەمانە كوردیش هەر لە دێرزەمانەوە ئافرەتی حەیامەندی بە لاچەكبەسەر زانیوەو هەروایشە
- بههۆی سهفهركردنم بۆ چارهسهر لێرهوه سوپاسی هاوكارانهی خۆم ئاراستهی بهرپرس و ئیداری و هونهری رۆژنامهی ههولێر گشت خوێنهرانم دهكهم كه بۆ ماوهیهكی نادیار لهنووسینی گۆشهكهم رادهوهستم بهخۆزگهی دیدار