پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ڕیفراندۆم چی بوو؟

هاودەنگ فارووق

نەتەوەیەك دوای دوو هەزار ساڵ ژێردەستەیی بڕیاری ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دا و بە داگیركەرانی گوت: ســـەرباری هەوڵی دوژمنكارانەی ساڵەهای ساڵتان بۆ دروستكردنی نەوەیەك كە بەژێردەســـتەیی ڕازی بێت، بەڵام كورد سەلماندی نەك هەر ڕازی نابێت، بەڵكوو دوژمنانی نائومێد كرد و داوای سەربەخۆیی كرد.

داگیركـــەران وایان دانابوو ســـەركەوتووبوونە لەو پلانە ســـتراتیجییە لەمێژینەییان بۆ سڕینەوەی شوناسی كورد و ئەم میكانیزمەی گرتوویانەتەبەر بەسە بۆ ئەوەی كورد تا كۆتایی مێژوو بە بندەستی ڕازی بێت .

ڕیفراندۆم دەســـتكەوتێكی هێندە مەزنە، پێویستە بەوردی ســـەیری هەموو پنتەكانی پێكهاتنی ئەقڵ و ســـەلیقە و مێـــژووی كورد و كۆمەڵگەی كـــوردی بكەین، تێبگەین ڕیفراندۆم چی بوو؟
ڕیفراندۆم گوتی: دوو هەزار ســـاڵ لە داگیـــركاری، هیچ هێزێك نەیتوانیوە و ناتوانێت شوناسی كورد بسڕێتەوە، بەڵكو كورد تەنها بەوە ڕازی دەبێت كە دەوڵەتی سەربەخۆیی خاوەن سەروەریی خۆی دابمەزرێنێت، ئیدی هەموو قسەكردنێكی بەدەر لەو مافە، یان بـــۆ كەمكردنەوەی مافەكە، یان ڕازیكردنی كورد بەكەمتر لەمافی ســـەربەخۆیی، تەنها خـــەون و خۆخەڵەتاندن و خراپ ســـوودوەرگرتنە لەوحاڵەتی پەرتەوازەییەی كە كورد
پیایدا تێدەپەڕێت، ئەگینا كورد بەكەمتر لە سەربەخۆیی ڕازی نابێت.

ئەم پەیامە كە هەموو سنوورەكانی پیلانی داگیركەرانی تێكشكاند، شۆكێكی گەورەبوو بـــۆ داگیركـــەران، بەڕاســـتی داگیركەران چاوەڕوانـــی ئەوە نەبوون كـــورد بەو جۆرە هەســـتابێتەوە، یان ئەقڵی نەتەوەسازیی كورد گەیشتبێتە ئاستێك داوای سەربەخۆیی بـــكات، ئاخـــر كورد كە پێـــش ڕیفراندۆم ئامادەی چـــارەی زۆر كاتیی بـــووە لەگەڵ داگیركەران، ئێستە چۆن گەیشتووەتە قۆناغێك داوای سەربەخۆیی بكات؟

وەڵامی ئەو پرســـیارە هەموو دەزگا هەواڵگری و سیاســـی و تین و تانكەكانی وڵاتانی داگیركەری كوردستانی یەكخســـت، بۆ ئەوەی زوو بەر بەو مەترسییە بگرن، ئەوپەڕی فشـــاری زاڵمانەیان دروســـتكرد تاكو ڕێگەبگرن لەوەی ئەنجامەكانی ڕیفراندۆم بكرێنە كردەوەو جێبەجێ بكرێن.

لەدوای ئەوەش دەیان هەنگاوی دیكەی دوژمنكارانەیان نا، تا ڕادەی هەوڵی خنكاندنی كوردســـتان لەڕووی ئابووریی و سیاسی و دیبلۆماسی و عەسكەرییەوە، سەرجەمیان بـــۆ یەك ئامانج بوون، ئەویش: كـــورد نەگاتە ئەو ڕادەیـــەی لەكۆنترۆڵی داگیركەران دەربچێت.

بەڵام لێرەدا ئەم پرســـیارە بەڕووی داگیركەراندا گرێكوێرەیە: ئاخر كێشەی سەرەكیی داگیركەر لەگەڵ ئەو ئەقڵیەتەدایە كە كورد گەیشتووەتە ئاستێك بە ژێردەستەیی ڕازی نییە و لەڕێی ڕیفراندۆمەوە داوای ئازادی دەكات، ئێوە ئەگەر بە فشـــار چارەی لایەنی كرداری ڕیفراندۆم بكەن بۆ ماوەیەكی كاتی، ئەی چۆن چارەی لایەنی هەستی نەتەوەیی و ئەقڵی سەربەخۆیخوازی كورد دەكەن كە لەوپەڕی هەڵكشاندایە، چۆن دەتوانن ئەو ئەقڵ و هۆشیارییە نەتەوەییە بپووکێننەوە کە داوای سەربەخۆیی کوردستان دەکات؟!