كه‌ناری مانگه‌شه‌و

ناسری حیسامی

سەفەرێکە ئارەزووی من
کە ببم بە جۆگە ئاوێک
بە شەو و بە ڕۆژ بەڕێوە
نە خەیاڵی: کێم لەگەڵ دێ
نە بە یادی کانییەک بم
کە ملم دەنا لەوێوە
ئەوە موژدە بێ لە دڵدا
کە بنۆڕم و ببینم
هەموو ڕێگایێ نشێوە.
نە بە چەشنی تاقەسوارێ
بە هەرێمی نەرمەخۆڵدا
کە غوبارێ جێ بمێنێ
نە بە چەشنی جووتیارێک
کە لەسەر برینی شێوەرد
ئەوە تۆوێ دادەچێنێ
نە بە چەشنی ڕێبوارێک
کە بە شوێنی پێی بزانن
سەفەرێکە ئارەزووی من
کە لەوێ گوڵێ، گەڵایێ
لە خەمی مان و نەمانن
کە لەوێ هەناسەیەک دێ
کە زەوی و دڵۆپەئاوێک
لە کەناری مانگەشەودا
بە تەنێ خەریکی ژوانن

٢٠٢١/١١/٢٢

ھەواڵی زیاتر