گۆڤاری کوردستان کڕۆنیکڵ ژمارەیەکی نوێ دەخاتە بەردەستی خوێنەرانی


دوایین ژمارەی گۆڤاری {کوردستان کڕۆنیکڵ} ئەمڕۆ یەکشەممە، کەوتە بەر دیدی خوێنەرانی و، چەندین بابەتی سەرنجڕاکێشی کلتووری و سیاسی و ئابووری پەیوەیست بە هەرێمی کوردستان لەخۆ دەگرێت.

ژمارەی 7ـی گۆڤارەکە بۆ مانگی ئابی ساڵی 2023ـیە و خۆی لە 31 بابەت دەبینێتەوە کە پەیوەستن بە چەندنین بواری جیاوازەوە.

بەرگی گۆڤارەکە بە وێنەی دایکە شەهیدێکی ئەنفالی بارزانییەکان دیزاین کراوە کە تێیدا بیاترایس دیلیسی، رۆژنامەنووسی فەرەنسی لە ژێر ناونیشانی “رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای جینۆساید” باس لەو تاوانانە دەکات کە لەسەر دەستی رژێمی پێشووی بەعس لە باشووری کوردستان دەرهەق بە کورد کراوە.

ئەو رۆژنامەنووسە فەرەنسیە لە گۆڤاری کوردستان کڕۆنیکڵ باس لەو هەوڵانە دەکات کە بۆ بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی رژێمی بەعس دژ بە گەلی کورد دراون، هەروەها تیشک دەخاتە سەر بەشێک لەو ئاڵنگارییانە کە لە هەوڵەکانیدا رووبەڕووی بووەتەوە.

و

یەکەم بابەتی گۆڤارەکە لە لاپەرە شەشدا بە ناونیشانی “گەشەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و هاوکاری هەرێمی” دەستپێدەکات کە تێیدا ئاماژە بە سەردانی فەرمی وەزیری دەرەوەی تورکیا دەکات بۆ هەرێمی کوردستان لە 24ی ئابی 2023 بە یاوەری وەزیری وزەی تورکیا. بابەتەکە بە درێژی باس لە سوودەکانی ئەو سەردانە دەکات بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کە خۆی دەبینێتەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و سەقامگیری هەرێمی و هاریکاری ئابووری و رووبەرووبوونەوەی تیرۆر.

س

نووسەر مەحمود مەحمود لە لاپەڕە 22ی گۆڤارەکە لە گوتارێکدا لە ژێر ناونیشانی “پابەندبوون بە چاکسازی دامەزراوەیی” باس لە هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کە خۆی دەبینێتەوە لە لامەرکەزیەتی ئیداری و بە دیجیتاڵیکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی و پێشخستنی حکومڕانی.

و

لە بابەتێکی دیکەی گۆڤارەکەدا لە لاپەرەی 84دا ، ئەحمەد زاوێتەیی، بەرێوەبەری گشتی دامەزراوەی کوردستان24 بۆ میدیا و لێکۆڵینەوە، لە گوتارێکدا باسی ئەزموونی کوردستان24 دەکات لە “دروستکردنی گوتارێکی میدیایی بەرپرسیار”. زاوێتەیی باس لە هەوڵەکانی دەکات وەک بەڕێوەبەری گشتی کەناڵەکە کە تێیدا لە ماوەی زیاد لە ساڵێکی وەک بەڕێوەبەر کاریکردووە بۆ سەرلەنوێ دروستکردنەوەی گوتارێکی میدیای بەرپرسیارانە کە کۆمەڵگەی کوردی ئاشتبکاتەوە لەگەڵ بەها نیشتیمانی و نەتەوەیەکاندا.

زاوێتەیی نووسیویەتی: لەپێشینەترین ئەرکی ئێمە گێڕانەوەی هەستی نیشتمانپەروەرییە بۆ ئەم نەوەیە.

س

کورستان کڕۆنیکڵ گۆڤارێکی مانگانەی بێلایەنە کە بە زمانی ئینگلیزی دەردەچێت و ئۆفیسی سەرەکییان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانە و لە چەندین بواری جیاوازدا دەنووسێت لەوانە سیاست، ئابووری، کولتووری و هونەری و ئاسایش. تاوەکو ئێستا گۆڤارەکە حەوت ژمارەی لێدەرچووە.

هەروەها گۆڤارەکە خاوەنی پێگەیەکی ئەلیکترۆنییە کە لەنێویدا هەواڵ و نووسینی تایبەت بە هەرێمی کوردستانی تێدا بڵاودەکرێتەوە.