پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

فاکتەری زاڵبوونی هەرێمی کوردستان یەکگرتوویی و گوتارێکی هاوبەشی لایەنە سیاسییەکانە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

هەرێمی کوردستان دوای دوو دەیە ئەزموونی حوکمڕانی لە چوارچێوەی سیستمی فیدراڵی و بینینی کۆمەڵێک هەوراز و نشێو و سەرکەوتن و پاشەکەشە و دووبارە هەستانەوە، ماوەیەکە ڕووبەڕووی قەیرانێکی نوێ بووەتەوە، قەیرانێک زیاتر لە قەیرانەکانی تر خەریکە هەستی پێ دەکرێت و کاریگەریی لە دوای خۆی جێدەهێڵێت، ئەوەی باری ئەو قەیرانەی قورستر کردووە بەهێزبوونی بەغدا نییە بەڵکوو لاوازیی هەرێمی کوردستان و پەرتەوازەیی و نەبوونی گوتارێکی هاوبەشی سیاسییە.

هەرێمی کوردستان لە دوای دامەزراندنی عێراقی فیدراڵ گەشەیەکی زۆر بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و بە سەدان کۆمپانیای بەناوبانگی جیهانی بەمەبەستی وەبەرهێنان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد و لە پڕۆژەی جیاوازی ئابووریدا وەبەرهێنانیان کرد. جگە لە هاتنی ئەو کۆمپانیایانە بەهۆی ئەو سەقامگیری و ئاشتی و ئارامییەی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەبووە، وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی بەو ژینگە لەبارەی بۆیان ڕەخسابوو قۆڵیان لێ هەڵماڵی و شان بە شانی فاکتەری دەرەکی و حکوومەت دەستیان بە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی کوردستان کرد.
ڕێژەی گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان لە ماوەیەکی کورتدا بەتایبەتی لە دەیەی یەکەمی دوای دامەزراندنی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق، ئەوەندە بەرچاو بوو کە بووە جێی سەرنجی دامەزراوە و بانکە بەناوبانگە جیهانییەکان و ڕۆژ نەبوو لە میدیا جیهانییەکان راپۆرتێک لەبارەی گەشەی ئابووری هەرێمی کوردستان بڵاو نەکرێتەوە کە وەک دوورگەیەکی ئارام لەناو زەریایەکی پڕ لە زریان لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرکەوتبوو.
لە پارێزگاکانی عێراق جگە لە شەڕی تایفی و ململانێ، تیرۆر و گەندەڵیی شتێک بە ناوی ئاوەدانکردنەوە نەبوو و ئەو پارە و بودجە زۆرەی لەبەردەستی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکاندا بوو لە ڕێگای جۆراوجۆری گەندەڵی بەفیڕۆ دەدرا و بەڵگەنامەکان دەری دەخەن قەبارەی ئەو گەندەڵییانە دەگاتە سەدان ملیار دۆلار کە ئەگەر بە ڕێکی خەرج کرابا عێراق هاوشێوەی کوردستان گەشەی بەخۆیەوە دەبینی و ئاوەدان دەکرایەوە.
لە ١٠ ساڵی دووەمی ئەو ئەزموونە نوێیە وەک ئەوەی بە ڕاستی ئامادەکاری بۆ کرابێت و بە پلان کاریان بۆ تێکدانی هەرێمی کوردستان بە ئامانجی لەباربردنی قەوارەکەی کردبێت کۆمەڵەک قەیران سەریان هەڵدا، لە دراوسێیەتی کوردستان گەورەترین و مەترسیدارترین ڕێکخراوی تیرۆریستی سەری هەڵدا، قەیرانی ئاوارەبوونی سەدان هەزار ئاوارە، جینۆسایدی ئێزدییەکان، بڕینی بودجەی هەرێم و دابەزینی نرخی نەوت سەری هەڵدا و ئەم قەیرانانە هەرچەندە زۆر گەورە بوون و کاریگەرییان هەبوو لەوەی زیان بەر هەرێمی کوردستان بگەیەنن بەڵام هیچ کامێکیان نەیانتوانی پێشی ڕەوتی گەشەسەندن بگرن و کوردستان لەسەر پێ مایەوە و تەنانەت گەیشتە لووتکەی دەسەڵاتی مێژوویی خۆی دوای ئەوەی شکستی بە داعش هێنا و سەرجەم ناوچە کوردستانییەکانیشی کۆنترۆڵ کرد.
ساڵانێکە لایەنە شۆڤێنێکان ململانێ و ناکۆکییەکانی خۆیان وەلاوە نا و بەو قەناعەتە گەیشتن ئەگەر بەیەکەوە دەست لە ناو دەستی یەکتر پێشی هەرێم نەگرن ئەوا هەرێمی کوردستان زۆر خێراتر لە جاران گەشە دەکات و ئەو گەشەیەش تا زیاتر بێت، هاووڵاتییانی پارێزگاکانی عێراق زیاتر لە دژی حکوومەتەکەیان هان دەدات .
هێزە شیعییەکان کە خۆیان لەوپەڕی لاوازیدابوون، دەستیان خستە ناو دەستی یەکتر و رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەوە و یەکێک لەو ئامراز و تاکتیکانەی سوودیان لێ وەرگرت و تەنانەت تێیدا سەرکەوتوو بوون و تا ئەم ساتەش سوودی لێ وەردەگرن، پەرتەوازەکردنی ناوماڵی کورد و بڵاوکردنەوەی تۆوی دووبەرەکی لە کوردستان بوو.
حکوومەتی محەمەد شیاع سوودانی کە هێشتا تەمەنەکەی ناگاتە ساڵێک و بە رواڵەت وا پێشان دەدرێ کە حکوومەتێکی بەهێزە، ڕاستییەکەی وا نییە و ئەو حکوومەتە لەژێر فشارێکی زۆری دەرەکی و ناوخۆیی بە تڕەکەڵەک دامەزراوە و هەموو ساتێک ئەو ئەگەرە لەئارادایە حکوومەتەکە تووشی قەیران و کێشەی گەورە ببێتەوە. شیعەکان ناکۆکیی قووڵیان لەگەڵ سوننەکان هەیە و شیعەکانیش لە ناو خۆیاندا بەسەر چوار ڕەوتی جیاوازدا دابەش دەبن و هەندێک لەو ڕەوتانە هەر لە ماوەی ساڵی رابردوودا بە چەک رووبەڕوووی یەکتر بوونەتەوە و پێگەکەی زۆر لەوە لاوازترە بیری لێ دەکرێتەوە.
بەو پێیە کێشەکەی هەرێمی کوردستان و فاکتەری زاڵبوونی بەسەر بەغدا و تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە نوێیە کە بە مووچە و بڕینی شایستە داراییەکان دەستی پێ کردووە، چارەسەرەکەی هەر لە ناوخۆی کوردستانە و یەکگرتوویی و گوتارێکی هاوبەشی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەرانبەر بە دەرەوە، دەتوانێت زۆر بە ئاسانی قەیرانەکان ڕاماڵێت و سەردەمی گەشەپێدان و هیوا و ئاوەدانی دەست پێ بکاتەوە.