لە نەخبی بەدبەختی كورداندا!..

ئەسعد عەدۆ

هێشتا لە قۆناغی مێردمنداڵیدا بوم کاتێ عەرەبی سوننە مەزهەبی کۆچەر بە قیادەی (حواس الصدید)لە ساڵی (۱۹٦۳) هەموو (کەندیناوە)یان، سووتاندو تاڵان کرد !
واتە قۆناغی (حەرەسی قەومی) بوو بە مێژووێکی ڕەش !
هەر ئەوکات بوو ڕژێمی ( عبدالسلام عارف)چەکداریانی بەناوی ( فرسان خالد بن الولید) لێ دروست کرد!
کاتی هێرش بردنیان بە دروشمی ( احنا البدو وین العدو) دەچونە سەر سەنگەرەکانی سوپای شۆڕشگێڕانی کوردستان(پێشمەرگە) ئەگەربێتو لاپەڕەکانی مێژوو ئاوەژووکەینەوە دەبینین لەسەرەتای سەدەی (هەژدە) هەمان سیناریۆ لە ناوچەی(بنی بەڕیێ) واتە سێگۆشەی نێوان (تورکیا، سووریا، عێراق) کارەساتێکی ئاوا لەنێوان کوردی بوسلمان و ئێزدی لەلایەک و عەرەبی سوننە مەزهەبی
کۆچەر(الجربە)روویداوە کە لە هونەری میڵی کوردابە
ناوی لاوکی (نەواخا برایم پاشا) ڕەنگیداوەتەوە، سەرنجی
مێژوونوسی ئینگلز (لۆنگرێک) ڕاکێشاوە بۆیە لەنێو کتێبەکەیدا (أربعە قرون فی تأریخ العراق الحدیث) کە
(جعفر الخیاط) وەریگێڕاوە شوێنی کردۆتەوە !
لەبەرهێندێ لەسەدەی(۲۱) لە هەمان ناوچەدا (شنگال) میژووی ڕەشی ئەوانە بە ناوێکی دیکە(داعش) خۆی دووبارە کردەوە، مێژووی مرۆڤایەتیان تاریکتر کرد !
ئەوەتە چەند ساڵێكە تاكە عەرەبێکی سوننە مەزهەبی
دڵڕەشی کۆچەر(الجبوری) بەنێو پارێزگاری (کرکوک) کەوتۆتە وێزەی جوتیارانی کوردی کەندیناوە لە (شەناغه، پەلکانە، سەرگەڕان، سەربەشاخ)بۆ وەدەرنانیان !
پێرێ لە(گوڵاڵە)و، دوێنێ لە دەوروبەری (داقووق) و، ئەوڕۆ لە (خدرجە) عەرەبە سوننە مەزهەبەکان بە هاریکاری عەرەبی شڵیعە مەزهەب لەناو سوپای عێراق و حەشدی شەعبی کەوتونەتە هەرەسانکردنی کوردان !
کە بەداخەوە ئەوانەی بەغداش مزەی پێکەنینیان دێ! نەبایەو
نەباران !
ئەوکاتەی شتێک نەمابوو بەناوی دەوڵەتی عێراق! ئەوە
ئێمەی ساویڵکە بوین هاوکار بوین بۆ دەستبارگرتنیان!
تا عەرەبی سوننەو شیعە لەسەر قاچ ڕاوەستن!
ئەوانیش سەربردەی تراژیدی دووپشکیان لەسەرماندا پراکتیک کرد! واتە لەبری چاکەدانەوە بۆ جاری چەندەمین پێیان وەداین، کەچی ئێمەیش تا ئێستا سوودمان لە مەقوەلەی (لا یلدغ
المؤمن من الجحر مرتین)وەرنەگرتوە !
لەکاتی شەڕی داعشیشدا هەموو دونیا هاوکارمان بون کەچی ئەوان ڕێگایان نەدەدا چەک و هاوکاری بگاتە دەستی پێشمەرگە !
بەداخەوە لەیادمان کرد !
لە ڕزگارکردنی شارەکاندا کورد ڕێخۆشکەریان بۆ کردن،
هێشتا لە وەدەرنانی داعش تەواو نەببون کاتێ بە هاوکاری خیانەتکارانی (۱٦ ئوکتۆبەر) لوولەی مەترەلۆزیان لە
کوردستان کردو خەنجەری ژەهرایان لێداین !
کورد دەمێکە گوتویەتی : زەرەر لە کەمی بگەڕێتەوە باشترە، زۆر پێویستە ئەمجارەیان کیژی خۆمان بە قوربانی کوڕی خەڵک نەکەین، بە مانایەکی دیکە ئەمجارەیان جغارە لە توتنی یەکتر تێنەکەین تا سەوجاسەری مادەی (۱٤۰) چارەسەر نەکرێت ئەگەرنا وەک بڕیاری (۲٤۲) نێوان عەرەب و ئیسڕائیل دەبێتە ئاردی ناو دڕکان !
کە بەداخەوە هەموویان هەوڵدەدەن بابەتەکە زیاتر ووردکەنەوە !
بۆ ئەوەی ناخی خوێنەریش هێورکەینەوە لە کۆتاییدا
دەڵێین: هەڵسوکەوتی خۆشمان بۆ گەیشتن بە ئامانجمان دڵخۆشکەر نیە!
پێویستە زیاتر لاشانمان بۆ یەکتر خوارکەینەوە ئەو حقدوکینە زێدە زێدەی نێوانمان نەهێڵین یان کاڵتریکەینەوە تاکو پێکەوە ئەم قۆناغە دژوارە ببڕین، ئەگەرنا مێژوو روحم بە کەس ناکا.

ھەواڵی زیاتر