چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ساڵانه‌ زیاتر له‌ 100 رۆژ لە عێراق پشووی فەرمییە

ساڵانه‌ زیاتر له‌ 100 رۆژ وه‌ك پشووی سه‌رتاسه‌ری لە عێراق رادەگەیەندرێت، ئەمە جگە لە رۆژانی هه‌ینی و شه‌ممه‌ كه‌ وەکو پشووی فەرمی دیاریكراون‌. چاودێران پێیانوایه‌، پشووه‌كان زیانێكی گه‌وره‌ به‌ وڵات ده‌گه‌یه‌نن و ده‌بنه‌ هۆی دواكه‌وتنی كاروباری رۆژانه‌ی فه‌رمانگه‌كان.

پشووه‌ فه‌رمییه‌كان له‌ عێراق به‌بێ رۆژانی هه‌ینی و شه‌ممه‌، ساڵانه‌ 100 رۆژ تێپه‌ڕ ده‌كات و وه‌زاره‌ت و داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت له‌ پشوودا ده‌بن، چاودێرانیش ره‌خنه‌ له‌و هه‌موو پشووه‌ ده‌گرن و پێیانوایه‌ زیانێكی گه‌وره‌ به‌ وڵات ده‌گه‌یه‌نێت و ده‌بێته‌ هۆی دواكه‌وتنی كاروباری رۆژانه‌ی هاووڵاتیان.

به‌گوته‌ی چاودێران، له‌ عێراق رۆژانێكی زۆر بۆ پشوو دیاریكراون، به‌جۆرێك پێش ساڵی 2003 كۆی رۆژانی پشووه‌ فه‌رمییه‌كان 16 رۆژ بووه‌، به‌ڵام دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق و له ‌ساڵی 2021 رۆژانی پشوو گه‌یشته‌ 105 رۆژ و له‌ ساڵی 2022یش ژماره‌كه‌ بۆ 110 رۆژ به‌رزبووه‌وه‌، كه‌ دوایینیان رۆژی غه‌دیر كرایه‌ پشووی فه‌رمی له ‌عێراقدا.

به‌گوته‌ی چاودێران، ئه‌و رۆژانه‌ی بۆ پشوو دیاری ده‌كرێن میزاجییه‌ و به‌بێ گوێدانه ئەوەی کە‌ كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی به‌سه‌ر كاری داموده‌زگاكان و پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌ ده‌بێت، به‌جۆرێك حكومه‌تیش ده‌سه‌ڵاتی به‌ پارێزگا و ئیداره‌ خۆجێیه‌كان داوه‌ كه زۆركات به‌هۆی گه‌رمای هاوین و لافاو له‌ زستاندا چه‌ندین رۆژ بكرێنه‌ پشوو.

سه‌ره‌ڕای ئاماده‌كردنی ره‌شنووسێك بۆ دیاریكردنی پشووه‌كان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی رۆشنبیری عێراق كه تیایدا‌ پێشنیاری دیاریكردنی 12 رۆژی بۆ پشووی فه‌رمی له‌ساڵێكدا ده‌كات، به‌ڵام به‌هۆی جیاوازی سیاسییه‌وه‌، ره‌شنووسه‌كه‌ جێبه‌جێ نه‌كرا. ئێستا عێراق له‌سه‌ر ئاستی پشووه‌ فه‌رمییه‌كاندا له‌ ریزبه‌ندی یه‌كه‌می وڵاتانی عه‌ره‌بیدایه‌، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر بارودۆخی ئابووری و پێشكه‌وتنی وڵات داده‌نێت.

به‌گوته‌ی به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری عێراق، له‌ سه‌رده‌می حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشوو ره‌شنووسێكیان پێشكه‌شكرد، به‌ڵام ره‌تكرایه‌وه‌، بۆیه‌ هه‌مان ره‌شنووسیان ئاراسته‌ی سوودانی كردووه‌ و داواكراوه‌ ته‌نیا رۆژی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعش، جه‌ژنی نیشتمانی، راگه‌یاندنی سیسته‌می كۆماری، جه‌ژنی سوپا، جه‌ژنی نه‌ورۆز، جه‌ژنی كرێكارانی جیهان، جه‌ژنی ره‌مه‌زان و قوربان، 1 و 10ی موحه‌ڕه‌م، له‌ دایكبوونی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام و له‌دایكبوونی حه‌زره‌تی مه‌سیح. بكرێنه‌ پشووی فه‌رمی.

محه‌مه‌د عه‌نووز، ئەندامی ‌لیژنه‌ی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆچوونی وایه‌، یاسای پشوو و یاساكانی دیكه‌ش رووبه‌ڕووی ناكۆكی سیاسی و میزاجی بوونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ رێكخستنه‌وه‌ی رۆژانی پشوو سوود بە دەوڵەتی عێراق دەگەیەنێت بەتایبەتی ئه‌وانه‌ی پەیوەندییان بە کاری فەرمانگە و دامودەزگا حکومییەکانەوە هەیە. ئه‌وه‌ی جێی نیگه‌رانییه‌، ئه‌و هێزانه‌ی له‌ په‌رله‌مانی عێراق نوێنه‌رایه‌تی پێكهاته‌كان ده‌كه‌ن، هه‌ر پڕۆژه‌یاسایه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌واندا یه‌كنه‌گرێته‌وه‌، ئه‌وا دژایه‌تی ده‌كه‌ن.