سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

نرخی نەوت دابەزی

نرخی نەوتی برێنت رۆژی هەینی لەکاتی داخستنی بازاڕەکاندا، گۆڕانکارییەکی کەمی بەخۆیەوە بینی و تەنیا سێ سەنت دابەزی، بەڵام لە ئاستی هەفتانەدا بە رێژەی 0.3% دابەزی و بەوپێیەش کۆتاییهێنا بە بەرزبوونەوەکانی خۆی لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا. هاوکات نرخی زێڕ کەمێک بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە و ئۆنسەیەک زێڕ بە 1925 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور لە دوایین ساتی مامەڵەکاندا، ئێوارەی رۆژی هەینی بە 93 دۆلار و 27 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. بە پێچەوانەی برێنت، نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 40 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 90 دۆلار و 3 سەنت مامەڵەی پێوە کرا.

هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی سووکی تەکساس بۆ کەمبوونەوەی ژمارەی سەکۆ نەوتییەکانی ئەمریکا دەگەڕێتەوە کە بەپێی کۆمپانیای خزمەتگوزاریی نەوتی بەیکەر هیوز، هەشت سەکۆ کەمیکردووە بۆ 507 سەکۆی نەوتی.

دێنیس کیسلەر، جێگری سەرۆکی بەشی مامەڵەکان لە کۆمپانیای راوێژکاریی (بی ئۆ کەی فاینەنشیاڵ) لەوبارەیەوە رایگەیاند، “وەبەرهێنەران و بازرگانانی نەوت نیگەرانن لە کەمبوونەوەی خواست، بەتایبەتی لە مانگی داهاتوودا کە پاڵاوگە نەوتییەکان دەست بە پرۆسەی چاککردنەوە دەکەن.”

بە بڕوای کیسلەر، ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە داهاتوودا، گوشاری بۆ نرخەکانی نەوت دروستکردووە.

نرخی نەوت لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا بە رێژەی 10% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە لەبەر بڕیاری رووسیا و سعودیە بۆ کەمکردنەوەی قەبارەی خستنەڕووی نەوت بە بڕی 1.3 ملیۆن بەرمیل.