نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكیدا لە لە یادی پەنجا و سێ ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی زانایان رایگەیاند: مامۆستایان و زانایانی ئایینی، ڕۆڵێكی كارایان لە برەودان بە گیانی تەبایی و لێبوردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە هەیە.
دەقی پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ..
لە یادی پەنجا و سێ ساڵەی دامەزراندنیدا، بە گەرمی پیرۆزبایی لە بەڕێزان سەرۆك و مەكتەبی تەنفیزی و تەواوی ئەندامانی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان دەكەم، هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.
ڕۆڵ و خەبات و تێكۆشانی مامۆستایان و زانایانی ئایینی و یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان لە سەردەمی شۆڕش و بەرەنگاربوونەوەی ستەمكاریدا، هەروەها ئامادەیی و كاریگەرییان لە ئێستای ئازادی و كۆمەڵگەی كوردستان و هەوڵ و كۆششیان لەپێناو پاراستنی مافەكانی زانایانی ئایینیدا، بەرز و بە ڕێزەوە هەڵدەسەنگێنین.
مامۆستایان و زانایانی ئایینی، ڕۆڵێكی كارا لە برەودان بە گیانی تەبایی و لێبوردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە، بەرەنگاربوونەوەی وتاری ڕق و تیرۆر و توندڕەوی و پاراستنی بەها جوانەكانی كۆمەڵگەی كوردستان دەگێڕن، ئەركێكی پیرۆز لە گەیاندنی پەیامی چاكەخوازی و میانڕەوی و نیشتمانپەروەری جێبەجێ دەكەن، بۆیە وەك هەمیشە دەستخۆشی و پشتگیرییان لێدەكەین، جەخت لە پاراستنی مافەكانیان و باشتركردنی گوزرانیان دەكەینەوە.
خوای مەزن پارێزەر و پشتیوانی هەموومان بێت و هیوای سەرفرازی بۆ هەموو لایەك دەخوازم.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
2023/9/21