دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک:لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی، بەبێ جیاوازی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ھەموو گوند و ناوچەکان جێبەجێ دەکەین

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک، لە قەزای بەردەڕەش بەگوژمەی سێ ملیار دینار بەردی بناغەی بۆ ژمارەیەک پڕۆژە دانا و ڕایگەیاند: ڕەزامەندی لەسەر دروستکردنی جووتسایدی بەردەڕەش – کەلەک دراوە و بەم زووانە بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. دەشڵێ لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ھەموو گوند و ناوچەکان جێبەجێ دەکەین.

بۆ بەدواداچوون و گەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری، د.عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک سەردانی قەزای بەردەڕەشی کرد و بەردی بناغەی بۆ کۆمەڵێک پڕۆژە دانا، لەوانە دروستکردن و قیرکردنی ڕێگەی گوندی ئیسماوە بە گوژمەی سێ سەد و حەفتا و ھەشت ملیۆن دینار، بەردی بناغەی بۆ دروستکردنی بنکەیەکی تەندروستی بەگوژمەی سەد و حەفتا و دوو ملیۆن دینار دانا، بەردی بناغەی بۆ دروستکردن و قیرکردنی ڕێگەی گوندی شێخانۆکا سوورچییا لە سنووری بەردەڕەش بە گوژمەی چوار سەد و نەوەد و حەوت ملیار دینار دانا، ھەروەھا ڕێگەی گوندی کەونەبانک بەگوژمەی سێ سەد و چل ملیۆن دینار دروست دەکرێت.
پارێزگاری دھۆک ھەر لەو سەردانەدا بۆ قەزای بەردەڕەش بەردی بناغەی دروستکردنی قوتابخانەیەکی ٩ پۆلی لە گوندی ئیسماوا و زیادکردنی سێ پۆڵ لە قوتابخانەی گوندی دوو گوندان و سێ پۆڵ لە گوندی شێخانۆکا بەگوژمەی پێنج سەد و سی و دوو ملیۆن دینار دانا. لەگەڵ دانانی بەردی بناغە بۆ قیرکردنی ڕێگەی گوندی دوو گوندان بە گوژمەی سێ سەد و سێزدە ملیۆن دینار.
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک، گوتیشی: ھەموو ئەو پڕۆژانە لەسەر بودجەی سندوقی پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی بە ڕێگەی بانکی نێودەوڵەتی و بە ھاوکاری پارێزگای دھۆک بە گوژمەی سێ ملیار دینار جێبەجێ دەکرێن.
پارێزگاری دھۆک، ئاشکراشی کرد: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ھەموو گوند و ناوچەکان جێبەجێ دەکرێن و لە ئایندەیەکی نزیکدا دووبارە سەردانی ناوچەکە دەکەینەوە و کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکە جێبەجێ دەکەین، ھەروەھا ڕەزامەندیمان لەسەر دروستکردنی جووتسایدی بەردەڕەش – کەلەک داوە و بەمزووانە بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لەبارەی کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی بەردەڕەشیش، پارێزگاری دھۆک، گوتی: لە ماوەی ڕابردوو ھاووڵاتییان لە ھەموو ناحیە و قەزاکانەوە ڕوویان لە شاری دھۆک دەکرد بۆ دەرھێنانی مۆڵەتی شۆفێری، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە ئێستە ھاووڵاتییان لە ئاکرێ، ئامێدی، زاخۆ و لە چەندین شاری دیکە دەتوانن مۆڵەت دەربھێنن، بەمزووانە لە قەزای بەردەڕەشیش بەڕێوەبەرایەتیی ھاتووچۆ دەکرێتەوە و ھاووڵاتییان دەتوانن لەوێ مۆڵەتی شۆفێری دەربھێنن.
عەلی تەتەر، پارێزگاری دھۆک، گوتیشی: بەردەوام دەبین لەسەر پێشکەشکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بە ھاووڵاتییانمان، چەند ئابووری ھەرێمی کوردستان بەھێزترببێت، دڵنیابن لەوە زیاتر پڕۆژە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان پێشکەشکی ھاووڵاتییان دەکرێن و جێبەجێ دەکرێن.