دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی کۆنتر

کە نووسەرێکی لە ڕژێم نزیک، لە دهۆک، سەروەختی چلەی مامۆستا سادق بەهادین، گوتی: لقی سلێمانیی نووسەران، هەر خەریکی خواردنی یاپراخن، گوتم: خواردنی یاپراخ، لە دانانی کورسی بۆ بەعسی باشترە، ئاخر ئەو ئەنتی یاپراخە، بەبەر چاوی خۆمەوە، کورسی بۆ بەعسی دانابوو، ئەمە بێجگە لەوەی ئەوسا، لقی سلێمانی لە لقەکانی دیکە چالاکتربوو.

کە غادە سەممان ئەو نامە دڵدارییانەی بڵاو کردەوە، لە غەسسان کەنەفانییەوە پێی گەیشتبوون، محەممەد دەکرووب گوتی: ئەدەبی عەرەبی نامەی دڵداریی لەوانە جوانتر نووسراوی بە خۆیەوە نەبینیوە. ئەوەی ع. ح. ب (محەممەد حسین بەرزنجی) بۆ یاپراخەکەی دایکی سۆلافی نووسیوە، ناکەوێتە خانەی شیعری دڵدارییەوە، چونکە بە (خوشکێ) دەست پێ دەکات، وەلێ من هەر مۆڵەتی بڵاوکردنەوەیم لە (سەبری خان) وەرگرت.

لە شیعری کلاسیکدا شابەیت هەیە، (خاڵێ/ بەلای لێوییەوە دەناڵێ) شاوێنەی ئەو شیعرەیە کە ع. ح. ب بە زمانێکی هێندە ئاسان نووسیویە، نە ڕەمزێکی تێدایە، تا هەوڵی شیکردنەوەی بدەم، نە دیوی ناوەوەی هەیە، تا پێیدا شۆڕ ببمەوە. لەو شیعرانە نییە، تەلەت بۆ دەنێنیەوە و خۆیانت لی دەشارنەوە. شیعرەکە هیچی لەودیو وشەکانییەوە حەشار نەداوە، تا من ئاشکرای بکەم، لایەنی گەشی ئەوەیە، هەر ڕووداوێک ناگێڕیتەوە، بەڵکوو ڕووداوێکیشە.
ڕاستە شیعر دەنگی تاکە کەسێکە و مەرج نییە، وەک ڕۆمان بۆ خەڵکێکی زۆر بپەیڤێت، لێ ئەمە بەو مانایە نییە، بریتی بێت لە وێنەی سەیری، بە تەمومژ دەورگیراوی، لە تێگەیشتن بەدەر. بەشێک لەو بەرهەمانەی بە ناوی شیعری نوێوە، بڵاو دەکرێنەوە و کەس لێیان تێناگات، لە ساختەکردن لە خوێنەر بترازێت، هیچی دیکە نین. پرۆمیتیۆس ئاگری لە خواوەند دەدزی و پێشکەشی خەڵکی دەکرد، هەندێک لەوانەی خۆیان بە شاعیری نوێخواز دەزانن، دەڵێیت شیعر بۆ خواوەندەکان دەنووسن، ئەگەرنا خەڵک لە زمانیان تێدەگەیشت. ئەوانەی بە ئومێدی بردنەوەی داهاتوو، پشت دەکەن ئێستا، لە وەهمدا دەژین. کە شیعر لە خەیاڵێکە و خوێنەر لە خەیاڵێکی دیکە، ئەوە هۆی ئەوەیە، شاعیر بە چاوی ڕاستەقینەی خۆی، سەرنجی دەوروبەر نادات، بۆ ئەوەی شیعر و خوێنەر لە یەکدی دانەبڕێن، دەبێت شاعیر هانا بۆ چاوی خۆی ببات.

غەسان کەنەفانی دەڵێت:”هەندێک جەردەی شیعر پەیدا بوون، ئەوی چێژ لە شیعریان وەرنەگرێت، بەرهەمیان بە تازەگەری و شۆڕشی شیعری نەناسێت و داکۆکییان لێ نەکات، بە جاهیل و کۆنەپارێز و دواکەوتووی نێوزەد دەکەن. من بەڕاشکاوی دەڵێم: لەو شیعرانە تێناگەم و بە وڕێنەی گەنجێکیان دەزانم، تووشی چەپاندن هاتبێت و ئارەزووی تۆمارکردنی وڕێنەی هەبێت.”(١)

تازەگەری لە شیعردا، ئەگەر پێبەند نەبێت بە تازەگەریی کۆمەڵایەتییەوە، هیچ واتایەکی نابێت. لاساییکردنەوەی نابینایانەی ئەزموونی گەلێکی دیکە، کە زادەی زەمینەیەکی جیاوازە، درەختێکە زڕ. شتی تازە هەرچەندە لە سەروەختی کێشە و ململانێ و شەڕ لەگەك شتی باودا ڕەگ دادەکوتێت و گەشە دەکات، وەلێ بۆ خۆنوێکردنەوە، پێویستی بە ڕەخنە لە خۆگرتنیش هەیە.

لەبەر ڕۆشناییی ئەو سەرنجانەدا، ئەم دەقەی ع. ح. ب هەرچەندە کانییەکی ڕوون و تەنکە، نەک زەریایەکی قووڵ و پڕ لە نهێنی، لێ گەلێک لەو وشە ڕێزکراوانە شیعرترە کە بە ساختە، بە شیعری قووڵ و گران، بەسەر خوێنەردا ساغ دەکرێنەوە.

داوەتی یاپراخ

خوشکێ
لە زۆر شتا سەرپشکێ
لە یەکێتیی نووسەران
بەڵێنی دا بە یاران
لە کام گۆشت قەڵەو و چەورە
بکا داوەتێکی گەورە
بە بڕیاری گشت
داوەت لەسەر یاپراخ نیشت
بەڵێندەر وەکوو بەیداخ
چووە ژێر باری یاپراخ
یاپراخ
دەستکردی شۆڕەژنێکی گوستاخ
دەوری درا
ئەنگوستی پێوە خورا
بەڵام ئاخ
ئەو یاپراخە ئەگەر
دەگەیشتە سەر لوتکەی شاخ
سەر ئاو و بەر سێبەر
ئەوسا ناخ
وەک گەوهەری شەوچراخ
پڕ دەبوو
لە شادمانی و ئارەزوو
ئەوسا
باشتر بە دڵەوە دەنووسا
بەڵام ئا‌‌ه ئاخۆ قەت
دڕندە و دێو
دەدەن دەرفەت
یاپراخ بگاتە لوتکەی کێو؟
*
سەبری خان
ئافرەتێکە میهرەبان
نازناوی
وەک شاعیرێک ناسراوی
دایکی سولافە
ناڵێم وەک ژنە جافە
وەک وان بە لاف و گەزافە
بەڵام پەریی پشت کێوی قافە
ئەم ئافرەتە
نە کورت و نە کەڵەگەتە
مامناوەند تەمەنە
بۆنخۆش وەک یاسەمەنە
خاڵێ
بەلای لێوییەوە دەناڵێ
دەڵێی دیمەنی دڵگیری خاچە
هەردەم چاوەڕێی ماچە

ع. ح. ب ١٩٨٠ سلێمانی

(*) محمد دکروب، تساؤلات أمام الحداثة، ص ٢٠٢ و ٢٠٣ دار المدی ٢٠٠١ دمشق.