نرخی نەوت دابەزی

دوای ئەوەی نرخی نەوت رۆژی سێشەممە گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 20-09-2023 لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەهۆی کۆکردنەوەی قازانج لەلایەن بازرگانانەوە، نرخی نەوت دابەزی.

نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور، ئەمڕۆ چوارشەممە زیاتر لە 1 دۆلار دابەزی و هەر بەرمیلێک بە 94 دۆلار و 56 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

هەروەها یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 28 سەنت دابەزی و بە 91 دۆلار و 20 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. رۆژی سێشەممە 19-09-2023 نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت نزیکبووەوە لە 96 دۆلار، نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 94 دۆلاری تێپەڕاند.

دوای ئەوەی نرخی نەوتی برێنت 95 دۆلاری تێپەڕاند، بانکی UBS رایگەیاند دەستیکردووە بە کۆکردنەوەی قازانج لەسەر ئەو مامەڵە نەوتییانەی کە کردوویەتی.

سەرەڕای ئەوەش بانکەکە پێشبینی دەکات نرخی نەوتی برێنت لە چەند مانگی داهاتوودا لە نێوان 95 دۆلار بۆ 100 دۆلار بێت.

سعودیە و رووسیا پێکەوە درێژەیان داوە بە کەمکردنەوەی خستنەڕوو، رۆژانە نزیکەی 1.3 ملیۆن بەرمیل لە بازاڕ کەمتر دەخەنەڕوو و ئەوەش نیگەرانی دروستکردووە لەسەر کەمی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.

عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعودیە رۆژی سێشەممە 19-09-2023 ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس هۆکاربێت بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان.

بن سەلمان رایگەیاند کە ئەگەری کەمبوونەوەی خواست لەلایەن چینەوە لە ئارادا هەیە و بەرزکردنەوەی سوودی بانکیی لە ئەمریکا و ئەوروپا دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی لە داهاتوودا خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت کەمبێتەوە.