دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

بە‌ كورتی بە‌ كوردی

هۆشیار سیوەیلی

ئەم دۆخەش بە سەرکەوتوویی تێدەپەڕێنین
هەرێمی کوردســـتان هەڕەشـــە نەبووە و نابێت بۆ ســـەرعێراق و دەوڵەتانی دراوسێ؛ سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی و ئابووری لەم هەرێمەدا هاوکارە بۆ سەقامگیری لە عێراق و دەوڵەتانی دراوسێ
و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. مێـــژووی کۆن و نوێ ئەوەی ســـەلماندووە ئـــەوە نکۆڵیکردنە لە مافەکانـــی ئەم گەلە کە بۆتە هەڕەشـــە بۆ ســـەر عێراق نەک بە پێچەوانەوە و باجی ئەم نکۆڵیکردنە بۆ سەربەخۆیی و سەروەریی عێراق زۆر قورس بووە. ڕق و سیاســـەتی شۆڤێنی و دژە کوردی بەعس بۆ ســـەرکوتکردن و لەناوبردنی گەلی کوردستان، شۆڕشی ئەیلوولی تووشی شکست کرد، بەڵام عێراقی ناچار کرد بەشێک لە خاکەکەی بدوڕێنی و ناچاریش کرد بۆ پینەکردنی ئەو شەمەزارییە جەنگێکی هەشـــت ساڵە لەگەڵ ئێراندا بەرپا بکات. ئەوە هەرێمی کوردســـتان و پێشمەرگەی کوردستان بوون ڕۆڵی باڵایان بینی لە شکستهێنان بە داعش کە هەڕەشە بوون بۆ سەر عێراق و وڵاتانی درواسێ و ناوچەکە و جیهان. کوردســـتان هۆکار و هاوکار بوو بۆ شکاندنی قاعیدە و گێرانەوەی ســـەقامگیری بۆ عێراق لە دوای ڕوداوەکانی ساڵێ 200٣ و شەڕی نێوان شیعە و سونە. ئەوە هەر کوردستان بوو داڵدەی دووملیۆن ئاوارە و پەنابەری دا و ناچار نەبوون بچنە تورکیا و ئێران و وڵاتانی تر. هەربۆیە دروشمی (کوردستانێکی بەهێز لە عێراقێکی بەهێز و یەکگرتوودا) ڕەنگدەرەوەی ئەو ڕاستییەیە کە هێز و سەقامگێریی هەرێمی کوردستان هێز و سەقامگیریی دەداتە عێراق و ناوچەکە. کاتێـــک ئـــەم واقیعە باس دەکەیـــن، نابێ ئەمە وامـــان لێبکات (موبالەغـــە) لە توانا و بایەخ وپێگـــەی خۆمان و هەرێمەکەماندا بکەین و بەشێوەیەک زیاتر لەوەی دەتوانین و زیاتر لەوەی دۆخە سیاســـییەکە بوار دەدات لاف لێ بدەین. پێویستە لەبری قسەی زل و قەبـــە، کار و کرداری جدی و گەورە بکەین و ئەقڵ جێگەی ســـۆز بگرێتەوە. ئێمە بە دۆخی سەختتردا تێپەریوین، دڵنیام بە
هیمەتی هەموو لایەک ئەم دۆخەش بەسەرکەوتوویی تێدەپەڕێنین