نووسینگەی راگەیاندنی ئەیاد عەلاوی جەخت لەوە دەکاتەوە، پەیوەندی ئەیاد عەلاوی لەگەڵ بنەماڵەی سەدر، “پەیوەندییەکی نزیکی خێزانییە” و لە ساڵی 2004 عەلاوی بە رەوانەکردنی “هێزی تایبەت موقتەدا سەدری لە تیرۆرکردن پاراستووە”.
نووسینگەی راگەیاندنی ئەیاد عەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی عێراقی، ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2023، راگەیەندراوێکی لەبارەی “بڵاوبوونەوەی پارچەیەک لە گوتارێکی ئەیاد عەلاوی لەلایەن پەیج و دەزگاکانی راگەیاندن کە تێیدا سوپای ئیمام مەهدی بە بۆردوومانکردنی مەزارگە ئایینییەکان لە رووداوەکانی ساڵی 2004 نەجەف تۆمەتباردەکات” بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەی نووسینگەی عەلاویدا ئەوە خراوەتەڕوو، “قسەکانی دکتۆر ئەیاد عەلاوی لەبارەی بوونی هەندێک کەس بوو، کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد سەر بە سوپای ئیمام مەهدین و، مەزارگە ئایینییەکانیان بۆردووماندەکرد بۆ وروژاندنی ململانێ لە نێوان حکومەت و رەوتی سەدر لەو کاتەدا”.
پەیوەندی ئەیاد عەلاوی و بنەماڵەی سەدر، وەکو ئەوەی ئاماژەی پێدراوە، “پەیوەندییەکی نزیکی خێزانییە” و بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە ساڵی 2004، ئەیاد عەلاوی “ژمارەیەک گرووپی هێزە تایبەتەکانی بۆ پاراستنی موقتەدا سەدر لە تیرۆرکردن رەوانەکردبوو کە ئەو کات ترس لەوە هەبوو، هەندێک کەس ئاژاوەگێری لە عێراق بنێنەوە”.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: “بڵاوکردنەوەی هەواڵ و رووداوی هەڵبەستراو، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی زۆر لایەن هەن هەوڵی هەڵگیرساندنی قەیران و تێکدانی سەقامگیری و تەبایی نێوان هەردوو بنەماڵەی سەدر و عەلاوی دەدەن”.