بڕیاربوو ئەمڕۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بکرێت و دەنگ بە پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت، بەڵام جارێکی دیکە کۆبوونەوەکە دواخرا.
لە کۆبوونەوەی 18ی ئەیلوولی 2023ی پەرلەمانی عێراق دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە خرابووە کارنامەی کۆبوونەوەکە، بەڵام دواتر رێگری لێ کرا و دواخرا بۆ ئەمڕۆ، بەڵام ئەمڕۆش جارێکی دواخرا.
لەوبارەوە موسەنا ئەمین سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق گوتی: “بەداخەوە هۆکارەکە ئەوەی پێویستە لە رێککەوتن لەسەر ئەو بابەتە نەکراوە، پێویستە ئێمە قەناعەت بە فراکسیۆنەکان بکەین، وەکو رێزگرتن و قەرەبووکردنەوەی هەڵەبجە سەیر بکەن، وەکو قەرەبووی جینۆساید و هەزاران شەهید و برینداری شارەکە سەیری بکەن، لە بەرامبەردا دەنگ نەدان لەسەری دەبێ بەوشێوە سەیر بکرێت کە هەڵوێستە لەسەر ئەو بابەتە، دەبێ میدیای کوردی ئیشی لەسەر بکات، دەنگ نەدان بە بارێزگابوونی هەڵەبجە هەڵوێستێکی نەرێنیە لە بابەتی جینۆسایدی هەڵەبجە، دەبێ ئەو بابەتە ببێتە هۆکاری هەڵوێست وەرگرتن لە چەندین سیاسی کە خۆیان بە پشتیوانی کورد و دۆست لە قەڵەم دەدا، ئێستا هەڵوێستەکەیان دەرکەوت”.
گوتیشی: “لە کۆبوونەوەی دوێنێ، بەشێک لە پێکهاتەی شیعە نەهاتنە ناو هۆڵی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، بەشێک کە هاتنە ژوورەوە داوایان کرد دەنگدان لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بۆ ئەمڕۆ دوابخرێت، ئەمڕۆش هەر کۆبوونەوەیان نەکرد، لەناو سوننەکان بە ژمارە یەک محەممەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان لەو بابەتە بەرپرسیارە، چونکە خۆی نە پێنجشەممەی رابردوو نە دوێنێش هاتە بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان، ئەمڕۆش کۆبوونەوەی بۆ ئەو بابەتە رێک نەخستووە، ئێمە رێزمان لە داواکەی ئەوان کرد کە گوتیان رۆژێک دوای بخەن، بەڵام ئێستا هیچ خشتە و بەرنامەیەک بۆ کۆبوونەوە نییە، بڕیاربوو کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکانیش بکرێت لەوەشیان بێدەنگن”.