سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

بێگەرد تاڵەبانی: لەبارەی هاوردە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق پابەند نابێت

وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەبارەی هاوردەی بەرهەمی کشتوکاڵی وەزارەتی کشتوکاڵی پابەند نابێت.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنوسان سەبارەت بە ناڕەزایی جووتیارانی پێنجوێن بۆ ساغ نەبوونەوەی بەرهەمەکانیان، گوتی: “لەگەڵ بەغدا لەسەر خەتین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، بەداخەوە ئەوەی کە پابەند نابێت بە رۆژمێری کشتوکاڵی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقە، ئێستا لەگەڵ فوئاد حوسێن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزارەی ئابووری عێراق و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق قسەمان لەسەر ئەو بابەتە کردووە، چۆن ئێمە پابەند دەبین دەبێ ئەوانیش بەهەمان شێوە پابەندبن بۆ پاراستنی مافی جووتیاران و بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان”.

گوتیشی: “چونکە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق پابەند نەبوون، بڕیارمانداوە هاتنی بەرهەم لەو بازگانە قەدەغە بکەین کە لە شارەکانی دیکەی عێراقەوە بەرهەمی وڵاتان دێننە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە بەرهەمی ناوخۆیی بکەین”.

سەبارەت بە هەناردەکردنی بەرهەم، بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا: “ئەو بەرهەمانەی لە پێداویستی ناوخۆیی زیادبن، خراونەتە بەرنامە لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەپێی کوالێتی و خواستی وڵاتان بیخەینە بازاڕەکانی جیهان، بە خۆشحاڵییەوە لە وڵاتانی خەلیج و ئەوروپا خواست لەسەر بەرهەمەکانمان زۆرە”.

ئەو لێدوانەی وەزیری کشتوکاڵ لەمیانی بەشداریکردنی بوو لە پێشانگەی خۆراک و کشتوکاڵ لە هەولێر، دەربارەی ئەو پێشانگەیە گوتی: “ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان بەشداریان تێدا کردووە، ئەمە پێشوەچوونێکی باشە لەبوارەی کشتوکاڵ، کە ژمارەیەک کۆمپانیای بیانی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان بەرهەمەکانیان نمایش دەکەن، ئەمە دەرگایەکی گەورە دەکاتەوە هەم بۆ هەناردەکردنی بەرهەم هەمیش بۆ وەبەرهێنانی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان”.