ڕائیب جادر – هەولێر
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە لە دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرھەمی جووتیارانی کوردستان، لە ماوەی ڕابردوو ھەنار، پەتاتە، ھەنگوین، سماق و چەندین بەرھەمی تر هەناردە کران و خواستێکی زۆریان لەسەر بوو، ئێستەش ھەوڵ بۆ ھەناردەکردنی سێوی بەرواری باڵا دەستی پێکردووە.
جگە لە سێو، بەرھەمێکی تری کوردستان ھەنارە، بەرھەمی ساڵانەی ھەنار لە ھەرێمی کوردستان دەگاتە پتر لە سەد ھەزار تۆن، لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە بەرھەمی ھەناری کوردستان سەد و شەست تۆن بۆ ئەڵمانیا و بەریتانیا و سوید و فینلەندا ھاتووەتە ناردن.
سەرۆکی تیمی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ بەبازاڕکردنی بەرھەمی جووتیاران، دەڵێت: ئەمساڵ جگە لە پەتاتە، کە ھەناردەکردنی بەردەوامە، پێنج ھەزار تۆن دەگەیێننە وڵاتانی کەنداو، ئامادەکارییەکان بۆ ھەناردەکردنی ھەنار، سێو و ھەنگوین لە قۆناخی کۆتاییدان.
زیاتر لە مانگێکە بەرھەمی پەتاتەی نێوخۆ ھەناردەی ئیمارات دەکرێت، گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەک کراوە و پێنج ھەزار تۆن پەتاتەی ھەرێمی کوردستان دەگەیێنێتە ئیمارات و ھەناردەکردنی بەردەوامە.
ئەحمەد جەمیل، بەرێوەبەری گشتی کشتوکاڵی پارێزگای دھۆک، ڕایگەیاند: پاش ھەوڵی بەردەوامی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ زیاتر بایەخدان بە کەرتی کشتوکاڵ و ڕەوانە کردنی بەروبوومی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە، ئەوەبوو پارساڵ ھەنار ڕەوانە کرا، ئەمساڵ پەتاتە، بەھەمان شێوە کار دەکەین بۆ ئەوەی بەروبوومی دیکە وەکو سێو، ھەنگوین، سماق و چەندین بەرھەمی تر ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان بکەین.
بەڕێوبەری گشتیی کشتوکاڵی دھۆک، گوتیشی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوکارییەکی باشی جووتیاران دەکات، بۆ ئەوەی بەرھەمیان ساغبێتەوە و لە بازاڕ بفرۆشرێت و ھەناردەی دەرەوە بکرێت، بۆیە ئێستە ھەم بەرھەمیان لە بازاڕ ساغ دەبێتەوە، ھەم ھەناردەی دەرەوە دەکرێت، ئەمەش ھەنگاوێکی گەورەیە و وا دەکات جووتیاران زیاتر ڕوو لە کاری کشتوکاڵی بکەن.