دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

پێویستە هەرێمی کوردستان بە گەشەپێدانی سەرجەم کەرتەکان کار بۆ بەرزکردنەوەی داهاتی ناوخۆ بکات

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ڕاستە هەرێمی کوردستان لە نەخشە سیاسییەکەیدا کەوتووەتە چوارچێوەی جیوگرافیای عێراقی فیدراڵ، بەڵام ئاسایشە نەتەوەییەکەی و تەنانەت ئاسایشی خۆراکیشی جیاوازە و دەبێ خۆی مشووری خۆی بخوات، ئەو تایبەتمەندییە لە نێو ئەو وڵاتانەی کە سیستمی فیدراڵیان هەیە بە حاڵەتێکی دەگمەن هەژمار دەکرێت.

هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتای دامەزراندنی عێراقی فیدراڵەوە نە سەرجەم مافەکانی بە گوێرەی دەستوور دابین کراون و نە ئەو مافەشی پێ ڕەوا بینراوە خۆی مشووری ئابوورییەکەی و داهاتی خۆی بخوات و برامان برایەتی و کیسەمان جودایەتی پەیڕەو بکات.
لە ساڵی ٢٠١٤ کە ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لە پرسی داهات گەیشتە لووتکە، عێراق پشکی بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی و هەرێمی کوردستایش بە ناچاری دەستی بە سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت کرد و لە ڕێی بەندەری جەیهانی تورکیا و بە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمەڵێک کۆمپانیای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ئەوەی لە توانایدا بوو بۆ دابینکردنی داهات و مووچە خستیە گەڕ بەڵام دواجار حکوومەتی عێراق لە ڕێی سکاڵاکانی و لە گرنگترینیان کە لە مانگی ئاداری ئەمساڵ لە لایەن دادگای ناوبژیوانیی پاریس دەرچوو مافی فرۆشتنی نەوت بۆ حکوومەتی عێراق گەڕێندرایەوە.
عێراق هەموو هەوڵێکی داوە لە هەموو داهات و دەستکەوت و سامانەکان خۆی بکات بە خاوەن بەڵام لە بەرپرسیارێتییە فیدراڵییەکان خۆی دزیوەتەوە. ئەو ساڵانەی کە داعش یەک لەسەر سێی خاکی عێراقی کۆنترۆڵ کردبوو، مووچەی فەرمانبەرانی مووسڵ دەنێردرا کە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدابوو بەڵام داهاتی هەرێمی کوردستان نەنێردرا و لێرە بە ناچاری بۆیان پاشەکەوت کرا بەڵکوو لە داهاتوودا بۆیان بگەڕێنرێتەوە. لە ساڵی ٢٠٢٠ نرخی نەوت بۆ سفر دابەزی و داهات گەیشتە خوارووی خەرجی، عێراق بە پشتبەستن بە دراوی یەدەگی بانکی ناوەندی نەیهێشت مووچەی فەرمانبەرەکانی خۆی دوا بکەوێت لە کاتێکدا لە سیستمی فیدراڵی ناکرێ مافی هەرێمێک بدرێ و هی یەکی تر پشتگوێ بخرێت.
هەرێمی کوردستان لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران پشتی بە داهاتی ناوخۆ و بڕێکی کەم لەو پارەیە بەستووە لە بەغدا نێردراوە بەڵام نەتوانراوە مووچەکان بە تەواوی دابین بکات و مووچەخۆرانی هەرێم کە دەبوایە لەم ڕۆژانەدا مووچەی مانگی ئەیلوولیان بەسەردا دابەش کرابا، نە مووچەی مانگی تەمووز و نە مووچەی مانگی ئابیان وەرنەگرتووە.
ئەوەی لە کۆی ئەو ئەزموونە بۆ کورد بە گرنگ دێتە بەرچاو ئەوەیە ئەو داهاتە گەرەنتیکراوە کە لەبەر دەستی خۆیەتی ودەبێ داهاتی هەرێمی کوردستان بە فرەڕەهەند بکرێت و هەر چەندە لە ساڵانی ڕابردوودا بە پلان هەوڵی ئەوە دراوە کەرتەکانی پیشەسازی، گەشتوگوزار و کشتوکاڵ پەرەیان پێ بدرێت بەڵام ئەمە بەس نییە و دەبێت پەرەپێدان کەرتی زیاتر بگرێتەوە و لە نێو ئەو کەرتانەش کە ئاماژەیان پێ کراوە لە ڕەهەندی جیاوازەوە پەرەیان پێ بدرێت و بەهۆیەوە وێڕای زیادکردنی داهاتی ناوخۆ، هەلی کار دابین بکرێت و ئابووری هەرێمی کوردستانی پێ بەهێز بکرێت.
یەکێک لەو کەرتانەی کە پێویستە هەرێمی کوردستان زۆر بە بایەخەوە کاری بۆ بکات و بەهۆیەوە داهاتی ناوخۆی پێ بەرز بکاتەوە پەرەپێدانی پیشەسازیی پێترۆکیمیاییە؛ وەک ئاشکرایە سەدان جۆر لەو بەرهەم و کەرستانەی لە بازاڕەکان دەفرۆشرێن مادە خاوەکەیان نەوتە و هەرێمی کوردستان دەتوانێت ژمارەی ئەو بەرهەمانە زیاتر بکات.
یەکێک لەو کەسانەی بەداخەوە ئەمساڵ کۆچی دوایی کرد و لە چەندین لێدوانی بۆ میدیاکان پێداگری لە پەرەپێدانی پیشەسازی پێترۆکیمیایی دەکرد دۆکتۆر بێوار خنسی راوێژکاری ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو. ئەو دەیگوت ئەگەر هەرێمی کوردستان پاڵاوگەیەکی نیشتمانی دابنێت، ئەو کاتە زۆر قازانجی لە فرۆشتنی نەوتی خاو پتر دەبوو، لەم حاڵەتەدا، دەتوانرا نەوت و سووتەمەنیی وەک نەوتی سپی و بەنزین دابین بکات و بەهای بەرمیلیک نەوتی خاو زۆر کەمترە لە بەهای بەرمیلێکی نەوتی خاو کە بپاڵێورێت بۆ بەنزین و نەوتی سپی.
ئەو ئاماژەی بەوەدا بوو کە داهاتی بەکارهێنانی نەوتی خاو و گۆڕینی بۆ مەوادی تر چەندین هێندە زیاترە لە داهاتی نەوتی خاو و جگە لەمە خەرجییەکانیشی کەمترن بۆ نموونە فرۆشتنی نەوتی خاو پێویستی بە کرێی گواستنەوە هەیە و ئەو مەترسییەش هەیە ڕێگەی هەناردەی بگیرێت یان نرخەکەی هاوشێوەی ساڵی ٢٠٢٠ ئەوەندە دابەزێت خەرجییەکەی لە داهاتەکەی زیاتر بکات. بەڵام بەرهەمی پێترۆکیمیایی جگە لەوەی کە نرخەکەی بەردەوام ڕووی لە هەڵکشانە، لە هەمان کاتدا کاریگەریی تری لەسەر ئابووری ناوخۆ هەیە و دەبێتە هۆی رەخساندنی هەزاران هەلی کار.
پەرەپێدانی پیشەسازی پێترۆکیمیایی هیچ کێشەیەکی یاسایی و دەستووریشی بۆ عێراق نییە و بگرە نەک بۆ هەرێمی کوردستان بەڵکوو بۆ عێراقیش سوودبەخشە و بەشێک لە داهاتەکان بۆ بەغدا دەگەڕێنەوە.
هەرێمی کوردستان بە پەرەپێدانی سەرجەم کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و بازرگانی و گەشتوگوزا و کەرتەکانی تر دەتوانێت گەشە بە ئابوورییەکەی بدات و پێش بە هەر جۆرە قەیرانێک بگرێ و ئاسایشی خۆراک و نەتەوەییەکەشی پێ بەهێز بکات.