سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

شاخەوان عەبدوڵڵا: 120 واژوومان بۆ جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران لە خەرجیی راستەقینە کۆکردووەتەوە

جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، 120 واژوویان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجیی ڕاستەقینە (ئینفاقی فیعلی) جیابکەنەوە. دەشڵێت، “پێموایە ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمان دەکرێت و دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەدرێت”.

ئەمڕۆ دووشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2023، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بۆ پێدانی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە هەرێمی کوردستان بە شێوەی قەرز و دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگازبوونی هەڵەبجە، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.  

“120 واژوومان کۆکردووەتەوە”

دوێنێ یەکشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە شێوەی قەرز بۆ سێ مانگی مووچەی مووچەخۆران رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات. وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو 700 ملیار دینارەی کە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا بگات، بۆ مووچەی مانگی حەوت خەرجدەکرێت.

شاخەوان عەبدوڵڵا لەوبارەوە گوتی: “ئەو بڕە پارەیەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە بە شێوەی قەرز بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بۆ مووچەی مانگی 7، 8 و 9ـی مووچەخۆران خەرجدەکرێت و هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە خەرجی ڕاستەقینە جیابکەینەوە و رێگەچارەیەک بۆ سێ مانگەکەی دیکەش بدۆزرێتەوە”.

وەکو ئەوەی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی کرد، نزیکەی 120 واژوویان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجیی ڕاستەقینە (ئینفاقی فیعلی) جیابکرێتەوە، هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق و، ئەوە دەکەنە پڕۆژەیەک بە مەبەستی ئەوەی لە پەرلەمان هەمواربکرێتەوە.

بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، “پڕۆژەکە وەڵامدانەوەیەکی باشی هەیە، تەنانەت لەلایەن ئەو پەرلەمانتارانەی لەکاتی خۆیدا پڕۆژەیاسای بودجەیان بەلاڕێدا برد و ئەم ئەنجامەی لێکەوتەوە. هەموو لایەنێک هاوهەوڵوێستن لەسەر ئەوەی نابێت قوت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێکەڵی کێشە سیاسییەکان بکرێت و بەرەو هەموارکردنەوەی ئەو بڕگەیە (بڕگەی پەیوەستکردنی مووچەی فەرمانبەران بە ئینفاقی فیعلی) دەچین”.

دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە

لەبارەی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە؛ شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، “دوێنێ فشارێکی زۆر لەسەر محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان هەبوو بڕگەی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە کارنامەی دانیشتنی پەرلەمان لاببرێت، بەڵام دوای گفتوگۆیەکی چڕ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، توانیمان ئەو بڕگەیە لە بەرنامەکەدا بهێڵینەوە”.

جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە ئەمڕۆ “دانیشتنەکەی پەرلەمان بکرێت و هەڵەبجە وەک 19ـەمین پارێزگای عێراق بناسێندرێت. ئەمە وەفایەکی کەمە بەرامبەر بە هەڵەبجەییەکان و بابەتێکی زۆر گرنگە بۆ ئێمە”.

شاخەوان عەبدوڵڵا ئەوەشی خستەڕوو، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، 14ـی ئەیلوولی 2023، لەگەڵ زۆرینەی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق کە ژمارەیان نزیکەی 100 پەرلەمانتارە، گفتوگۆیان کردووە و بەڵێنی ئەوەی پێداون بەشداری لە دانیشتنەکەدا بکەن و دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکە بدەن.

جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێیوایە ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەکرێت و دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای  بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەدرێت. دەشڵێت، “پێموانییە هیچ لایەنێکی سیاسی بوێری ئەوەی هەبێت بڵێت، ئێمە لەگەڵ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە نین. خۆمان پرسیارمان کرد، کێ لەگەڵ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە نییە، با بە ئاشکرا بیڵێت؟ بەڵام هەموویان گوتیان، ئێمە ناتوانین وا بڵێین، هەڵەبجە بریندارە و شایەنی زیاترە. کە هاتە قۆناغی دەنگدان، پێموانییە هیچ لایەنێک دەنگ لە دژی هەڵەبجە بدات. هەر کاتێک دانیشتنەکە کرا، دڵنیام پڕۆژەیاساکە تێدەپەڕێت”.

لەبارەی ئەو فراکسیۆنانەی دژی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەن، شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاند: “لەکاتی خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاساکە فڕاکسیۆنی بەدر لەگەڵی نەبوون و داوای دواخستنیان کرد، بەڵام ئێمە ئەو داوایەمان رەتکردەوە. ئێستا فڕاکسیۆنی بەدر ئامادەیی خۆی نیشانداوە بەشداری لە دانیشتنەکەدا بکات، فڕاکسیۆنەکانی سەنەد، عەسایب و سووننەکانیش بەڵێنیان داوە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکە بدەن. هەموو هەوڵێکی ئێمە ئەوەیە هەموو لایەنێک بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا بکەن”.

بە گوتەی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، فراکسیۆنە عێراقییەکان پێشنیازیان کردووە، وادەی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دوابخرێت، تا ئەو کاتەی لەگەڵ هەندێک شارۆچکەی دیکەی باشووری عێراق کە بڕیارە بکرێنە پارێزگا یەکبخرێت و پێکەوە دەنگیان لەسەر بدرێت، “بەڵام ئێمە ئەو چەندەمان رەتکردەوە و گوتمان، نابێت دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە زیاتر دوابکەوێت”.