بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک و مووسڵ ئاشکرایانکرد: پارتی پێشبینی دەکات ئەمجارە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەنگێکی زۆر و سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست بێنێت، چونکە بەهۆی هەستە نەتەوایەتی و هەڵوێستە نەتەوایەتییەکانی خەڵک پشتگیری لێ دەکەن، ئێمەش ئامادەکاری باشمان بۆ ئەو هەڵبژاردنە کردووە.
مەناف حەسەن، بەرپرسی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوێنێ بەفەرمیی ژمارەی لیست و هاوپەیمانییەکان ڕاگەیەندرا، لیستی پارتی دیموکراتی کوردستانیش 197ە، ئێمەش دەستمان بە ئامادەکارییەکان کردووە لە سنووری لقەکانی خۆمان، ئەمجارە دەنگی باش بەدەست دێنین، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 10 کورسیمان بەدەست هێنا یەکێکیان لە ئێمە وەرگرتەوە و نۆ کورسیمان هەیە، ئەمجارەش پێشبینی دەکەین ژمارەیەکی باشی کورسی بێنین، لە مووسڵ بەگشتی 52 کاندیدمان هەیە کە خۆی مووسڵ 26 کورسی هەیە، جگە لە پێکهاتەکان، بۆیە پێشبینی دەکەین نزیکەی هەشت کورسی بەدەست بێنین.
لای خۆشیەوە بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی لقی 3ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک مەسعود مەلا پەروێز، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوای پەسەندکردنی لیستەکان ئامادەکاری باشمان کردووە و دەستمان بە جموجۆڵ و سەردانەکان کردووە و خەڵکیش ڕووی لە پارتی دیموکراتی کوردستانە، چونکە پارتی لە کەرکووک خۆی دەکاتە خاوەن کێشە نەتەوایەتییەکان و خەڵکیش پشتگیری لە پارتی دەکات، بۆیە ئەمجارە پارتی دەنگێکی زۆر بەدەست دێنێت، لە لیستی پارتی دوو حزبی تورکمانی و دوو حزبی دیکەی کوردی هەنە، بۆیە پێشبینی باشمان هەیە ئەمجارە دەنگی زۆر بەدەست بێنین.