دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

بۆ خەرجکردنی 700 ملیار دینارەکە بە فەرمی نووسراو ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق کرا

ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە نووسراوی فەرمی داوای لە وەزارەتی دارایی کرد، 700 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.

دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی دوێنی 17/9/2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی مووچەی سێ مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان درا، کە بۆ هەر مانگێک 700 ملیار دینار دیاریکراوە، بۆ خەرجکردنی ئەو برە پارەیە، ئەمڕۆ نووسراوی فەرمی لەلایەن ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئاراستەی وەزارەتی دارایی کرا.

بڕی ئەو پارەی کە بۆ سێ مانگ بڕیاری لەسەر دراوە کۆی گشتی دەکاتە دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار، بەڵام لە قۆناغی یەکەمدا 700 ملیار دینار لە رێگەی هەردوو بانکی رەشید و رافیدەین لقی هەولێر، وەک قەرز رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت.

پەیوەست بەو پرسە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: “ئەمڕۆ راپۆرتێکمان لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەبارەی داهاتەکان بۆ هاتووە و فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی عێراق پێداچوونەوە بەو راپۆرتەدا دەکرێت، ئەگەر پێداچوونەوە تەواو بێت سبەی بڕیار لەسەر ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەدەین”.

ناردنی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، دوای ئەوە دێت رۆژی 14ی ئەیلوولی 2023، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتی عێراق و لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەوە.