سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی پارەی بۆ سێ مانگی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانی پەسەندکرد، مامۆستایەکی زانکۆش پێی وایە، بڕیارەکە کاریگەری لەسەر جووڵەی بازاڕ و بەھێزبوونی پێگەی کورد دەبێت، چونکە یەکڕیزی ئەمجارەش کاریگەری دەبێت لەسەر داھاتوو.
د. کاوە عەبدولعەزیز مامۆستای زانکۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: خەرجکردنی مووچەی سێ مانگی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە ھەنگاوێکی گرینگە بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی ئێستای ھەرێمی کوردستان، چونکە دوای پەسەندکردنی یاسای بودجە ماوەیەکی زۆرە فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان سوودمەند نەبوونە لە مووچە و شایستەکانیان، بڕیاری ناردنی پارە دەبێتە ھۆی گەڕانەوەی ئومێد بۆ فەرمانبەران و ھاووڵاتییان کاریگەری زۆریشی لەسەر بازاڕی ھەرێمی کوردستان دەبێت.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ کە پسپۆری ئابووریە گوتیشی: خاڵی ھەرە گرنگی ڕێککەوتن و ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ یەکڕیزی لایەنە کوردستانییەکان دەگەڕێتەوە. ئەمجارە بۆ ھەموولایەک ئاشکراکربوو ئێمە یەکگرتووبین دەتوانین ھەموو قەیرانەکان و کێشەکان تێپەڕێنین، سەردانی شاندی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە حەفتەی ڕابردوو ئەوەی سەلماند ھەرێمی کوردستان ئەگەر یەکڕیز بێت ھێزی چەندە و توانای ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ئەگەر هەرچەندیش ئاڵۆز و گەورەبن.
د. کاوە عەبدولعەزیز ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ھێزی کەسایەتی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی و ئەو پشتیوانی و پێگەیەی ھەیەتی ھۆکاربووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و ئەنجامدانی ڕێککەوتن لەسەر ناردنی پارە لە بەغداوە، دەکرێ ئەمە ببێتە سەرەتایەک بۆ لەمەودوا کورد خۆی لە ھەرێمی کوردستان ڕێکبخاتەوە و لەبەغدا بەیەک دەست و دڵ کار بۆ بەرژەوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان بکەن، ناردنی مووچە چەند ھاووڵاتییانی دڵخۆشکرد یەکڕیزی و بەھێزی حکوومەتی ھەرێمیش ئەوەندەی دیکە بووە ھۆی دڵخۆشی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان.