سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

مەسرور بارزانی: لەگەڵ سوودانی گەیشتووینەتە رێککەوتنێکی گونجاو بۆ دابینکردنی مووچە

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی گونجاو، بۆ دابینکردن مووچەی هاووڵاتیان. سوپاسی “پشوودرێژیی هاونیشتمانیانی خۆڕاگر”ـیش دەکات کە متمانەیان بە “حکومەتەکەی خۆیان لە دەست نەدا”.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، لە بەشێکیدا هاتووە: “بە پشتبەستن بەخوای گەورە و ئیرادەی بەهێزی گەلەکەمان، توانیمان بەرگری لە مافی خەلکی کوردستان بکەین و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی بگەینە ڕێککەوتنێکی گونجاو، بۆ دابینکردن مووچەی هاووڵاتیان.”

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی “پشوودرێژیی هاونیشتمانیانی خۆڕاگر” دەکات کە متمانەیان بە “حکومەتەکەی خۆیان لە دەست نەدا”. مەسرور بارزانی جەخت لەوە دەکاتەوە، “بە پشتیوانی خوای گەورە بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی هاووڵاتیانی خوشەویست و ڕێگە بە هەوڵە نەزۆکەکان نادەین سەقامگیریی هەرێمی کوردستان تێک بدەن.”

دەقی راگەیەندراوەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی:

بە پشتبەستن بەخوای گەورە و ئیرادەی بەهێزی گەلەکەمان، توانیمان بەرگری لە مافی خەلکی کوردستان بکەین و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی بگەینە ڕێککەوتنێکی گونجاو ، بۆ دابینکردن مووچەی هاووڵاتیان.

سوپاس بۆ پشوودرێژیی هاونیشتمانیانی خۆڕاگر کە متمانەیان بە حکومەتەکەی خۆیان لە دەست نەدا. سوپاس بۆ جەنابی سەرۆک بارزانی کە پاڵپشت و ڕێنیشاندەرمان بوو لە زاڵبون بە سەر کۆسپەکاندا. سوپاس بۆ پالپشتی و ڕۆڵی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پشتیوانیکردن و سەرخستنی پرۆسەی دانوستان لە گەل حکومەتی فیدرال.

سوپاس بۆ لایەنە سیاسیەکانی عێراقی فیدرال کە پشتیوانمان بوون. سوپاس بۆ لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستیانەکان لە پەرلەمانی عێراقی فیدرال کە پاڵپشت و هاودەنگ بوون لە دەستەبەرکردنی مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. سوپاس بۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بە بێ ماندووبوون و بە هەستێکی پڕ لە بەرپرسیاریەتی توانییان لەم ئەرکە قورسەدا سەرکەون.

بە پشتیوانی خوای گەورە بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنی هاووڵاتیانی خوشەویست و ڕێگە بە هەوڵە نەزۆکەکان نادەین سەقامگیریی هەرێمی کوردستان تێک بدەن.