لە ماڵی ئەفسەرێکی وەزارەتی پێشمەرگە لە سلێمانی تەقینەوە روویدا و بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەفسەرەکە گیانی لەدەستداوە.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2023، لە گەڕەکی کانی کوردەی شارەکە، تەقینەوەیەک لە ماڵی ئەفسەرێکی وەزارەتی پێشمەرگە روویدا و بەهۆیەوە ئەفسەرەکە گیانی لەدەستداوە.
ئەفسەرەکەی وەزارەتی پێشمەرگە پلەی ‘موقەدەم’ـی هەیە و بە گوێرەی زانیارییەکان بەشێک لەو بۆمبانەی لەسەر بانی خانووەکەی بوون و بۆ راوکردنی ماسی بەکاردەهێندران، تەقیونەتەوە و بەهۆیەوە ئەو ئەفسەرە گیانی لەدەستداوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکانی سلێمانی هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی رووداوەکە بڵاونەکردووەتەوە.