سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا كۆبووه‌وه‌‏

به‌يانيى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2023/9/13  نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ ئەلێکساندەر شۆڵنبێرگ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا و ‏شاندێكى ياوه‌رى كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه‌  جێگرانى سه‌رۆك و به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى ‏په‌يوه‌نديه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان و نوێنه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى ‏كوردستان له‌ نه‌مسا ئاماده‌ى بوون، په‌يوه‌ندييه‌كانى نه‌مسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى ‏كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، كۆچى ناياسايى بۆ ئه‌ورووپا و دوايين ‏پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، تاوتوێ كران.‏

نێچيرڤان بارزانى وێراى ئاماژه‌دان به‌ په‌يوه‌نديى له‌مێژینه‌ى هه‌ردوولا و ‏ستايشى پشتگيريى نه‌مسا له‌ هه‌رێمى كوردستان و به‌رده‌واميى گه‌شتيى ‏ڕاسته‌وخۆى ئاسمانيى ڤيه‌ننا ـ هه‌ولێر، پيرۆزبايى و ده‌ستخۆشى له‌ به‌ڕێز وه‌زيرى ‏ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا كرد بۆ دووباره‌ كردنه‌وه‌ى باڵيۆزخانه‌ى وڵاته‌كه‌يان له‌ به‌غدا و ‏داواى كرد نوێنه‌رايه‌تييه‌ك له‌ هه‌رێمى كوردستان بكه‌نه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماده‌ييى ‏هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ نه‌مسا له‌ هه‌موو ‏بواره‌كاندا دووپات كرده‌وه‌. ‏

لاى خۆيه‌وه‌ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى نه‌مسا دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ى به‌ ‏‏بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و كار بۆ ‏‏ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن نوێنه‌رايه‌تييه‌ك له‌ هه‌ولێر بكه‌نه‌وه‌، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌ ‏كرده‌وه‌ كه‌ ‏كه‌رتى تايبه‌تى نه‌مسايى خوازياره‌ وه‌به‌رهێنان له‌ ‏هه‌رێمى كوردستان بكات. ‏له‌مباره‌يه‌وه‌ هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ سه‌قامگيريى ‏سياسى و ئه‌منى گرنگه‌ بۆ ‏ڕاكێشانى سه‌رمايه‌گوزاريى بيانى و ‏پێشكه‌وتنى ئابوورى. ده‌رباره‌ى كۆچى ‏ناياساييش، هه‌ردوولا داكۆكييان له‌وه‌ كرده‌وه‌ ‏كه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى كۆچى ‏ناسايى، ده‌بێ هه‌ماهه‌نگيى هه‌مه‌لايه‌نه‌ له‌نێوان ‏وڵاتانى ئه‌ورووپا و ناوچه‌كه‌دا ‏هه‌بێت.‏

سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا،  نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ ‏كه‌ ده‌بێ كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن و سيستمى فيدراڵى به‌ ‏ته‌واوى جێگير ببێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش گفتوگۆيه‌كى بنياتنه‌ر له‌سه‌ر بنه‌ماى ‏لێكگه‌يشتنى هاوبه‌ش بۆ چاره‌سه‌ر و تێپه‌ڕاندنى كێشه‌كان، به‌ڕێوه‌ بچێت. هه‌روه‌ها ‏جه‌ختی له‌ په‌يوه‌نديى دراوسێيه‌تيى باش له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و پاراستنى ‏به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش كرده‌وه‌.‏

چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.