سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

لێدوانی نێچیرڤان بارزانی لەبارەی هەوڵەکان بۆ دابینکردنی مووچە

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌ی دۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن لێدوانی دا.
ئه‌مرۆ چوارشه‌م 13ی9ی2023، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا رایگه‌یاند، مووچه‌ مافێكی ڕه‌وای خه‌ڵكی كوردستانه‌، رێككه‌وتنێكی نووسراومان هه‌یه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی ئێستای عێراق، بابه‌تی مووچه‌ جێگای گفتوگۆ نییه‌، به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر خه‌تم، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم به‌ به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر خه‌ته‌. 
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان راشیگه‌یاند،بەم نزیکانە شاندێکی باڵای  هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەت بۆ پرسی مووچە و بودجە سەردانی بەغدا دەکات.
راشیگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان پابه‌نده‌ به‌ رێككه‌وتنی ئه‌منی نێوان عێراق و ئێران،  نامانه‌وێت هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ دراوسێكانمان.
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی، حكومه‌تی هه‌رێم هیچ داتایه‌كی هه‌ڵه‌ی به‌ به‌غدا نه‌داوه‌، چاوه‌روان ده‌كه‌ین سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پرسی مووچه‌ چاره‌سه‌ر بكات، كێشه‌كانی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ته‌نیا بابه‌تی مووچه‌ نییه‌،هیوادارین له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌ینه‌ لێكتێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش، ده‌بێ هه‌موو لایه‌نه‌كانیش  لە بابەتی موچەدا پشتیوانی تەواوی حکومەتی هەرێم بن.
سه‌رۆكی هه‌رێم راشیگه‌یاند، كێشه‌ی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا جێ به‌جێ كردنی مادده‌ی 140 و رێككه‌وتنی شنگاله‌،  پرسی مووچه‌ و بوودجه‌ په‌یوه‌ندی به‌هه‌موو هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌.

هه‌ر له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئێستا پرسیاری جددی ئه‌وه‌یه‌ ئایا عێراق حكومه‌تێكی فیدڕاڵییه‌، گوتیشی، ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵده‌دات كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات و یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ چاسه‌ره‌كردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.