پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

وەزیری دەرەوەی نەمسا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

وابڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، وەزیری دەرەوەی نەمسا بە سەردانێکی فەرمی بگاتە هەولێری پایتەخت و لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە (12ـی ئەیلوولی 2023)، ئەلکساندەر شالنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا بە سەردانێکی فەرمی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بگاتە هەرێمی کوردستان.

لەمیانی سەردانەکەیدا، وەزیری دەرەوەی نەمسا چاوی دەکەوێت بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان، تاوتوێ دەکات.

نەمسا پەیوەندییەکی لەمێژینەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و پێشتر نووسینگەی بازرگانی وڵاتەکەی لە هەولێر کردووەتەوە و هێڵی فڕۆکەوانی نەمساوییش لە ساڵی 2006ـەوە گەشتی راستەخۆی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتەکەی دەستپێکردووە، کە یەکەم کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئەوروپی بووە، گەشتی ئاسمانی راستەوخۆی لەنێوان فڕۆکەخانەی هەولێر و وڵاتانی دیکەی جیهان دەستپێکردووە.

هەروەها لە شوباتی 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هەریەکە لە گێرۆڵد ڤۆڵمەر، بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی نەمسا و ئۆسکار وەستنگەر، باڵیۆزی نەمسا لە ئوردن و عێراق کرد و گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپیدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرد.

لە ماوەی رابردووش، چەندین جار بەرپرسانی باڵای نەمسا، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش نوێنەرایەتی دیپلۆماسی لەو وڵاتە کردووەتەوە.

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە (11ـی ئەیلوولی 2023)، ئەلکساندەر شالنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و دوای زیاتر لە 30 ساڵ، کردنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە عێراق راگەیاند.

لە ساڵی 1991ـەوە، نەمسا باڵیۆزخانەی لە بەغدا داخستووە و تەنیا نوێنەرایەتییەکی بازرگانی لە بەغدا هەبووە و لە ماوەی رابردووش، چەند جارێک عێراق بە فەرمی داوای گەڕانەوەی نوێنەرایەتی دییپلۆماسی ئەو وڵاتەی کردووە بۆ بەغدا.

لە ئەیلوولی 2021، لەمیانی کۆبوونەوەی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەلکساندەر شالنبێرگ، وەزیری دەرەوەی نەمسا لە ڤییەننا، داوای دووبارە کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتەی کرد لە بەغدا، کە زیاتر لە 30 ساڵە کاروبارەکانی باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە وڵاتی ئوردن ئەنجام دەدرێت.

نەمسا وڵاتێکی گرنگی یەکێتی ئەوروپایە و ژمارەیەکی بەرچاو لە رەوەندی کوردی و عێراقی لەو وڵاتەدا دەژین، هەرچەندە عێراق باڵیۆزخانەی لە ڤییەننا هەیە، لە هەوڵی بەردەوامدا بووە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە زیاتر بەرەو پێش ببات.