فازڵ میرانی: ئێمە گرفتمان لەگەڵ ناوەکان نییە.. دەبێ عەقڵیەتیان بگۆڕێت

ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕێوڕەسمێکدا بە بۆنەی ساڵوەگەڕی هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولەوە، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی، حکوومەتی عێراق کە مەبەستییەتی حکوومەتەکەی ئێمە لاواز بکات و خەڵک لە حکوومەتەکەمان ڕازی نەبێت، ئامانجی دیکەی هەیە، چونکە ئێمە لای ئەوان بۆ مافەکان جوداین، بەڵام بۆ ئەرکەکان ئێمەش عێراقیین. بۆیە بەردەوام سیاسەتی ”ترساندن و برساندن” دژی ئێمە بەکار دێنن.

فازڵ میرانی گوتیشی: ئەوانەی لە 61 بە فڕۆکە بۆردومانی دەڤەری بارزان و دەربەندی بازیانیان کرد و شۆڕشی ئەیلوول دەستی پێ کرد و ئەوانەی 63 سیاسەتی ”زەویی سووتاو”یان داهێنا کە عەبدولعەزیزی ئەخوەینی، وەزیری بەرگریی ئەوکاتی عێراق ئەو سیاسەتەی هێنایە گۆڕێ بۆ ئەوەی هەموو خاکی کوردستان بسووتێنن، کەچی کە کەوتە زیندانەوە بارزانیی نەمر هەوڵی دا لە زیندان ئازادی بکات.

بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوەش دا: ئەو کەس و فەرمانڕەوایانەی وڵاتی ئێمەیان دابەش کردووە بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕێن، بەڵام نابێ ئێمە بەوە دڵخۆش بین، بەڵکوو دەبێ چاوەڕوانی ئەوە بین کە عەقڵیەتیان بگۆڕێت، چونکە تاکوو فکرەکەیان نەگۆڕێت، گۆڕینی کەسەکان کێشەکە چارەسەر ناکات. ئێمە گرفتمان لەگەڵ ناوەکان نییە، جەعفەری بێت، مالیکی بێت، کازمی بێت، عەبادی بێت، یان ئەوە ئێستا سوودانییە، ئەوانە ڕەنگە پیاوی باشیش بن، جار جار ڕووبینیشمان لەگەڵ دەکەن، بەڵام خۆزگە ئەوە لە دڵ و مێشکیانەوە بێت، نەک لە دەمیانەوە بێت. چونکە ئەوەی کە بیرکردنەوەیان وەردەگێڕێتەوە، کردەوەکانیانە.

فازڵ میرانی جەختی کردەوە: ئەمڕۆش حکوومەتی عێراق کە مەبەستیەتی حکوومەتەکەی ئێمە لاواز بکات و خەڵک لە حکوومەتەکەمان ڕازی نەبێت، ئامانجی دیکەی هەیە، چونکە ئێمە لای ئەوان بۆ مافەکان جوداین، بەڵام بۆ ئەرکەکان ئێمەش عێراقیین. بۆیە بەردەوام سیاسەتی ”ترساندن و برساندن” دژی ئێمە بەکار دێنن.

ئێستا حكوومه‌تی عێراق بەهێزیی خۆی لە لاوازیدا ئێمەدا دەبینێت، هۆکاری ئەوەش پەرتەوازەیی خۆمانە، دەنا ئەوان دەزانن کە ئەوەندە بەهێز نین، له‌ ڕووی ئه‌منی و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ ئاستی عێراق له‌ خواری خواره‌وه‌یه‌، له‌ گه‌نده‌ڵی و پیسییش له‌ یه‌كه‌مه‌كانه‌.