گۆهدار شکری ئاکرەیی
لە ڕەوتی ژیاندا زۆر شتێکی ئاساییە مرۆڤ بەر لە بڕیاردان،
بەتایبەت لە هەمبەر بابەتە زۆر هەستیارەکان بیر لە سەرکەوتن و شکست بکاتەوە؛ لە دەرەنجامی چەندەها توێژینەوە تا ڕادەیەک بە پێویست زانراوە مرۆڤ تەنها بیر لە سەرکەوتن نەکاتەوە بەڵکو بیر لە شکستیش بکرێتەوە بەتایبەتی بەر لە ڕوودان، ئەمەش هەمووی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تاوەکو هەرچی وزەی شاراوەیەتی بەئاگا دێن و هاوکاری دەبن، هەر ئەمەش هۆکار دەبێ کە هەرکاتێ مرۆڤ بیر لە شتێک بکاتەوە دەرەنجامەکەی هەر ئەوە دەبێ بەدەگمەن ئەنجامەکان وەک بیرکردنەوەیان نابێت. بەتایبەتی لە هەمبەر بابەتە هەستە بەبەزەییەکان کە چەندین کێشە و پێشهاتی نەگونجاو بەرەو ڕوومان دێنێتەوە، دەرەنجام دەمانخاتە ژێر کاریگەری خۆیانەوە زاڵ دەبن بەسەرماندا، زۆرجار کاریگەرییان دەگاتە ڕادەیەک ئەقڵ و ناخ دەهەژێنن، سروشتی ئەقڵیش لەژێر پەستانی ئەم هەستانە بە دروستی کار ناکات؛ بەپێچەوانەوە زیان بە پڕۆسە ئەقڵییەکان
دەگەیێنێ؛ بەمەش وەکو پێویست بیر نەکاتەوە و تووشی رارایی و ناجێگیری دەروونی ببێتەوە و نەتوانێ بڕیاری پێویست لەکاتی گونجاو بدات. کەچی لە بنەڕەتدا بڕیاری بوێرانەی بەهێز تەنها یەک دەقە ترس و زەحمەتی تیایە تا بڕیارەکە جێبەجێ دەکەیت بە تایبەتی لە هەمبەر بڕیارە هەستیارەکان کە لە سەرەوە ئاماژەم پێ دا، ئەگەر لە کات و ساتی خۆیدا نەدرێت دەبێتە هۆی لەدەستدانی شانس. کەواتە لەم سات و بارودۆخانەدا زۆر پێویستە هەستە بەزەیی و سۆزاوییەکان هەر زوو بەلاوە بنرێن، تاوەکو نەبنە رێگر لە سەرکەوتن و، بڕیارەکان دوا بخا. نموونەش بۆ ئەمە ئەگەر سەرنج بدەینە لاپەڕەکانی مێژوو ئەوەی بۆ سەلماندووین هەر میللەتێک یا تاکێک هەستی سۆزداری بەڕێوەیان ببات چارەنووسیان نادیارە. بە پێچەوانەوە هەر بڕیارێک لەسەر بنەمای بوێری و مەنتق و حەقیقەت بێ هێزبەخشە، کە ئەوەیە ئێمە مەبەستمانە. بۆ نموونە بە تایبەت لە هەمبەر هەندێ بابەت کە پەیوەستن بە چارەنوسی میللەتێکەوە زۆر جار زیانی مرۆڤیشی لێ دەکەوێتەوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ ڕازی بین بە لەدەستدانی چەند تاکێک، با ببنە قوربانی نەک چارەنووسی میللەتێک بە تەواوی ببێتە قوربانی. چونکە ئەم جۆرە بڕیارە هێزبەخشانە لە جیهانێکی ناهاوسەنگی دەروونی بۆ جیهانێکی سروشتجوان و ئایندەیەکی شایستەت بەڕێ دەکا، نرخی ئەو بڕیارە بەهێزە بوێرانە ئەو کاتەدا بەدەر دەکەوێ، کە ئاوڕ دەدەیتەوە دواوە، خۆت بڕوات بەو بڕیارە بوێرەت ناکەی تا چەند هاوکارت بووە و
چارەنووستی دیاری کردووە.