وەزیری ئاوەدانکردنەوە: دیراسەی پرۆژەی هێڵی ئاسنینی هەرێمی کوردستان تەواو بوو

 

وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ دیراسەی پرۆژەی هێڵی ئاسنینی هەرێمی کوردستان تەواو بوو، گوتیشی: ئومێدەوارین لە ئایندەیەکی نزیکدا بچینە قۆناغێکی دواتر کە دیزاینکردنی پرۆژەکەیە.

دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ دیراسەی پرۆژەی هێڵی ئاسنینی هەرێمی کوردستان تەواو بوو.

وەک وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی پێدا، کۆمپانیای کۆستراس، دوا راپۆرتی خۆی، کە لەسەر پڕۆژەی هێڵی ئاسنینی هەرێمی کوردستان ئامادەکرد و پێشکەشی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، ئەمەش دەبێتە سەرەتایەکی راست و دروست بۆئەوەی پرۆژەکە بچێتە قۆناغەکانی داهاتوو.

دەشڵێت: پڕۆژەکە زۆر گرنگە بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان، هەروەها گرنگی بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراقیش هەیە.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە گوتیشی: ئەم پڕۆژەیەی هەرێمی کوردستان چ لە رووی ئابووریەوە، چ لە رووی کشتوکاڵیی و پیشەسازی و گەشتیاری، هەرێمی کوردستان دەباتە ئاستێکی دیکە و، ئومێدەوارین لە ئایندەیەکی نزیکدا بچینە قۆناغێکی دواتر کە دیزاینکردنی پرۆژەکەیە، هەروەها لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناغی دیزاینکردنی پڕۆژەکەش، بە هاوکاری دامەزراوەکانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش دەستەی وەبەرهێنان، دەتوانین بچینە قۆناغی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.