نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ باڵيۆزى ئێران و شاندێکی یاوەری كۆبووه‌وه‌

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2023/9/11 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، لەگەڵ محه‌ممه‌د كازم ئال سادق، باڵيۆزى كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌ عێراق و شاندێكى ياوه‌رى کۆبووەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، رێككه‌وتنى ئه‌منيى نێوان عێراق و ئێران، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنيان، تاوتوێ كران.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، نێچيرڤان بارزانى باسى له‌ بايه‌خى په‌يوه‌ندييه‌كان له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلاميى ئێران وه‌ك دراوسێيه‌كى گرنگى هه‌رێمى كوردستان كرد و جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان پابه‌ندى رێككه‌وتنى ئه‌منيى نێوان عێراق و ئێرانه‌، هه‌روه‌ها دڵنيايى دا كه‌ هه‌رگيز رێگه‌ ناده‌ن هيچ هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى ئه‌منى له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ بۆ سه‌ر كۆمارى ئيسلاميى ئێران دروست ببێت.

ئاماژە بەوەشدراوە،‌ باڵيۆزى كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌ عێراق لەلای خۆیەوە، جه‌ختى له‌ بايه‌خ و گرنگيى په‌يوه‌ندييه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانينى پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كرد بۆ يارمه‌تى و ئاسانكارييه‌كانى له‌ گواستنه‌وه‌ى زياره‌تكارانى ئێرانى له‌ يادى عاشوورا و چلەی ماتەمینی ئیمام حسێن دا.

هەروەها تاوتوێكردنى دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.