بریکاری وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، نابێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە هیچ شتێکەوە ببەسترێتەوە و پێویستە رەوانە بکرێت.
مەسعود حەیدەر بریکاری وەزیرەی دارایی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: شرۆڤەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ یاسای بودجە دروست نییە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لە یاساکەدا مانگانە 775 ملیار دینارە، نابێ ببەسترێتەوە بە هیچ شتێکەوە و دەبی خەرج بکرێت”.
گوتیشی: “یاسای بودجە لە 1/1/2023، چووەتە بواری جێبەجێکردن، ئێمە دەبێ پردی پەیوەندی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا دروست بکەین، هەندێک دەنگ هەن خزمەت بە پرۆسەی سیاسیی و سەقازمگیری کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی ناکەن”.
مەسعود حەیدەر، گوتی: “دەبێ بەپێی یاسای چاودێری دارایی ئیش بکرێت و یاسای بودجە وەکوخۆی جێبەجێ بکرێت، رێگە بە هیچ کەسێک نەدرێت بەپێی میزاجی خۆی مامەڵە لەگەڵ بودجە بکات، بە بڕوای من زانیاری تەواو لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بودجە بە سەرۆکوەزیرانی عێراق نەدراوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد: “وشەی (ئینفاقی فیعلی) شرۆڤەیەکی زۆر هەڵەی بۆکراوە، هەم لەلایەن وەزیری دارایی عێراق هەمیش لەلایەن فەرمانگەی ژمێریاری شرۆڤەی زۆر هەڵەی بۆ کراوە، دەبێ پێداچوونەوەی پێدا بکرێتەوە، من وەکو بریکاری وەزیری دارایی هەوڵمداوە بابەتەکان چارەسەر بکرێن و رێکبخرێنەوە، وەزیرەکانی دیکەشمان لە هەوڵدان بۆ چارسەر، چونکە شرۆڤەکان دروست نین و ناحەقی گەورەی تێدایە بەرامبەر بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، دەبێ چارەسەر بکرێت”.
بریکاری وەزیری دارایی عێراق، جەختیکردەوە: “نابێ رێگە بە بیر و بۆچوونی شەخسی بدەین، بەڵکو دەبێ بە بەرپرسیاریەتیەوە مامەڵە لەگەڵ شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت”.
دەشڵێت: “پێویستە بۆ رای گشتی و سەرۆکوەزیرانی عێراق روون بێت کە مووچە لە عێراقدا “ئینفاقی فیعلی) تێدا نییە”.
باسی لەوەشکرد: “ژمارەکانی فەرمانگەی ژمێریاری عێراق تەواو نییە و شرۆڤەی هەڵەیان کردووە، دەبێ ئەوە چارەسەر بکرێت، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لە خشتەدا نۆ تریلیۆن و 300 ملیار دینارە، کە مانگانە دەکاتە 775 ملیار دینار ئەمە ئیستحقاقی هەرێمی کوردستانە و لە 1/1/2023 تا کۆتایی مانگی حوزەیران، زیاتر لە چوار تریلیۆن و 650 ملیار دینار مووچەی هەرێمی کوردستانە، دەبێ سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمە بزانێت”.
لەبارەی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت و داهاتەکانی هەرێمی کوردستان، مەسعود حەیدەر گوتی: “داهاتی نەوتی و نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان تا کۆتایی مانگی حوزەیران نزیکەی پێنج تریلیۆن دینار بووە، لەو بڕەش تریلیۆنێک و 300 ملیار دیناری هی خەرجییە نەوتییەکانە”.
دەشڵێت: “گرنگە قوتی خەڵکی هەرێمی کوردستان نەبێتە بەشێک لە ململانێ سیاسییەکان و کارتی سیاسی بۆ فشار خستنە سەر هەرێمی کوردستان، بۆ مووچەخۆران زۆر گرنگە کە مانگانە مووچەی خۆیان وەربگرن، ئەرکی حکومەتی عێراقە مانگانە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەکوخۆی خەرج بکات کە 775 ملیار دینارە”.
مەسعود حەیدەر، ئەوەشی خستەڕوو: “وەکو وەزارەتی دارایی و وەکو کوردێک هەموو ئەو راستیانە بە نووسراوی فەرمی بۆ سەرۆکوەزیران بەرز دەکەمەوە”.