ڕائیب جادر – هەولێر
شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٦١ بەڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر بۆ ڕاماڵینی زوڵم و ستەم لە سەرانسەری کوردستان ھەڵگیرسا، یەکێک لە سیما دیارەکانی شۆڕش ئەوە بوو کە سەرجەم خەڵکی کوردستان بەشدارییان لەو شۆڕشەدا کرد و بەشێکی زۆری ئامانجەکانیشی ھاتوونەتە دی.
ئەمڕۆ شەست و دوو ساڵ بەسەر ھەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بەڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر تێدەپەڕێت، پەڕاوێزخستنی کورد وەکو نەتەوەیەکی ڕەسەن لە عێراق وای لە کورد کرد کە بیر لە شۆڕشێکی وەکو شۆڕشی ئەیلوول بکاتەوە، شۆڕشێکی گشتگیری نەتەوەیی بوو بۆ گشت کوردستان و تێیدا بێئومێدی بۆ ئاسۆیەکی ڕوون و چەسپاندنی مافەڕەواکانی کورد و کوردستانی گۆڕی، ئەنجامەکەی بەیاننامەی ١١ی ئادار بوو، کە بۆیەکەمینجار حکوومەتی ئەو کات دانی بە مافەکانی خەڵکی کوردستان نا.
عەبدولکەریم قاسم لە ساڵی ١٩٥٨ کودەتای سەربازی لە عێراق کرد و ڕژێمی حوکمڕانیی پاشایەتی لە عێراق بۆڕژێمی کۆماری گۆڕی، بەڵێنی پێدانی مافەکانی بە گەلی کوردستان دا و داوای لە بارزانیی نەمر کرد لەیەکێتی سۆفیەت بگەڕێتەوە، بەڵام دوای نزیکەی سێ ساڵ، عەبدولکەریم قاسم و ڕژێمەکەی لە پێدانی مافەکان بە گەلی کوردستان پەشیمان بوونەوە، بەھۆی پەشیمانبوونەوەی ڕژێمی عێراق لە بەڵێنەکانی، بارزانیی نەمر دەست پێکردنی شۆڕشی ئەیلوولی لە دژی ڕژێم و حکوومەتی عێراق ڕاگەیاند.
لە ١١ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٦١ شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بەڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر ھەڵگیرسا و گشت کوردستانیان و کوردانی ھەر چوار پارچەی کوردستان تێیدا بەشدار بوون، زەنگی ڕووبەڕووبونەوە لێدرا و لە ھەموو ناوچەیەک سەرکەوتن لە دوای سەرکەوتن بەدەست دەھات.
شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بەڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر و بە پێشڕەوایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەنگیڕەوای گەلێکی خاک و ماف زەوتکراو بوو، پرۆژەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانیی سەرتاسەری بوو کە کۆی جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایی و چینایەتی و ھەموو ئینتیما لاوەکییەکان و سنوورە دەستکردەکەی نیشتمانی تێپەڕاند.
شۆڕشی ئەیلوول توانی بە نۆ ساڵ چۆک بەڕژێمی عێراق دا بنێت و ناچاری بکات دان بە مافەکانی گەلی کوردستان بنێت، بەمەش ئامانجی شۆڕشەکە، کە حوکمی زاتی بوو بۆ کوردستان بەدی ھات و سەرکەوتوو بوو، لەڕۆژی ١١ـی ئاداری ١٩٧٠، سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوول و ڕژێمی عێراق ڕێککەوتننامەیەکیان ئیمزا کرد، کە تێیدا دان بە مافە سیاسی، ئابووری و ڕۆشنبیرییەکانی گەلی کوردستان نرا و سیستەمی حوکمی زاتی خۆڕێبەریی لە چوارچێوەی عێراق بۆ کوردستان دامەزرا.
ئەو ڕێککەوتننامەیە ڕووداوێکی گرنگی مێژوویی ئەوتۆ بوو لەڕووی دیموکراسی و چەسپاندنی ئارامی و سەقامگیریی لە عێراق و ناوچەکە، وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی کاریگەری خۆی ھەبوو بەسەر ڕەوتی بزاڤی ڕزگاریخواز و نەتەوەیی کورد و بەدیهاتنی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، حکوومەتی عێراق ناچار کرا بەپێی ناوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتننامەیە، ملکەچ بکات بۆ داوا و مافەڕەواکانی خەڵکی کوردستان.
گەلەکۆمەکی نێودەوڵەتی و ڕێکەوتننامەی جەزائیر لە ٦/٣/١٩٧٥، گەورەیی شۆڕشی ئەیلوولی دەرخست، بەوەی کە دەستەڵاتدارانی عێراق بە تەنیا نەیاندەتوانی شۆڕش سەرکوت بکەن و کۆتایی بە خەباتی کورد بۆ گەیشتن بە مافەکانی بنێن.
ئێستەش سەرۆک بازرانی درێژەپێدەری بەدیھێنانی ئەو ئامانجانەیە کە بارزانیی نەمر، خەباتی بۆ دەکرد، ھەموو تواناکانی بۆ بە ئەنجام گەیشتنی ئەزموونی کوردستان و برەودان بە دیموکراسی و پاراستنی پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوەکان و زامنکردنی مافەکانیانە، تا ئەو ڕۆژەی کوردستان دەگاتە کەناری سەربەخۆیی.
بە بڕوای مامۆستایانی زانکۆ و پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشی ئەیلوول شۆڕشێکی سەرتاسەری گەلی کوردستان بوو کە ھەموو شوێن و گوند و شارێکی کوردستانی گرتەوە، وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە شێوازی خەباتدا، شۆڕشی ئەیلوول ورە و متمانەی بە خەڵکی کوردستان بەخشی و ئامانجی ڕزگارکردنی نیشتمان و سەربەخۆیی کوردستان بوو، شۆڕشێکی سەرتاسەری بوو، دوژمنانی کوردی ناچار کرد ددان بە بوون و مافە سەرەتاییەکانی نەتەوەی کورد دابنێن.
شەریف محەممەد، مامۆستای زانکۆ، دەڵێت: ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول بەڕێبەرایەتی بارزانیی نەمر، ئومێدی خستە ناو دڵی نەتەوەیەک و بووە شۆڕشێکی سەرانسەری بۆ ئازادیخوازانی گەلەگەمان کە ئیرادە و بڕوای لای تاکی کورد دروست کرد.
دەشڵێ: شۆڕشی ئەیلوول بووە یەکەمین شۆڕشی کوردستانی کە توانی بە ئامانج بگات، بۆیەکەمجار ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی ددانپێنراو دروست بوو، زمانی کوردی شانبەشانی زمانی عەرەبی وەک زمانی فەرمی ناسێنرا، ئەم ڕێککەوتنامەیە بووە خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگی مێژوویی کە سەنگ و کاریگەری خۆی ھەبوو.
شەریف محەممەد، مامۆستای زانکۆ، ئاشکراشی کرد: گرنگیی شۆڕشی ئەیلوول ئەوە بوو کە درێژەپێدەر و ئاواتی کۆماری کوردستان بوو دوای شکستی کۆماری کوردستان تاریکایی باڵی بەسەر خەڵکی کوردستان و بزاڤی ڕزگاریی کوردستاندا کێشا بوو، بەڵام شۆڕشی ئەیلوول جارێکی دیکە گیانی بە بەر کوردبوون و کوردایەتییدا کردەوە، ئەم شۆڕشە بە بەشداریی تێکۆشەرانی ھەر چوار پارچەی کوردستان بوو، لە ھەمان کاتدا کەسێک ڕابەرایەتیی شۆڕشی دەکرد کە میراتگری دەوڵەتی کوردستان بوو ئەویش بارزانیی نەمر بوو، خەڵکانێکی زۆری لەژێر چەترە جیاوازەکان کۆ کردەوە لە چوارچێوەی پەیامێکی نەتەوەیی کە ئەویش چەتری شۆڕش بوو.
مراد بژیانی، کە لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بووەتە پێشمەرگە، گوتی: بارزانیی نەمر، ھەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانی کوردستانی یەکخست، کە تێیدایە کدەنگیی ھەمووان گەورەترین ھێزی بە شۆڕش بەخشی، یەکێک لە کاریگەرترین دەرئەنجامەکانی شۆڕش ڕێککەوتننامەی ١١ی ئادار بوو کە یەکەمین ڕێککەوتننامە بوو تێیدا دان بە بەشێک لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بنرێت و حکوومەتی بەعس ناچار بە دانوستاندن بکرێت، جگە لەوەی بۆ یەکەمینجار بوو شۆڕشێک سنوورەکانی ناوچەگەری تێپەڕ بکات و ھەموو ناوچەکانی کوردستان بگرێتەوە، ئەو دەستکەوتانەی ئەمڕۆ بەدەست ھاتوونە بەئاسانی بەدەست نەهاتوون، بەڵکو بە هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشەکانی دیکە بەدەست هاتوون.
ئەو پێشمەرگەیە، زیاتر دەڵێ: بەڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر، توانیمان ھەموو پیلانەکانی دوژمن پووچەڵ بکەینەوە، لەگەڵ ئەوەی سەرکردایەتی شۆڕش پەیوەندی لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی جیهان ھەبوو، بەتایبەتی یەکێتی سۆفیەت، شۆڕشی ئەیلوول داینەمۆیەک بوو بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە گەلی کوردستان لە زوڵم و ستەم ڕزگار بێت و نەکەوێتە ژێر دەستی چەپۆکی بێگانەوە.