هەرێمی کوردستان پەناگەی ٣٧هەزار خێزانی ئاوارەی سووریا و شارە جیاوازەکانی عێراقە

محەمەد لادێ – هه‌ولێر

دوابەدوای دروستبونی گرژی و ئاڵۆزی و قەیرانەکانی سووریا و سەرهەڵدانی شەڕی داعش لە عێراق، هەرێمی کوردستان بووە پەناگەی ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارە و پەنابەر کە بەپێی ئامارێکی نوێی وەزارەتی کوچ و کۆچبەرانی عێراق لە هەرێمی کوردستان ٩٣١هەزار ئاوارە و پەنابەر هەن، ٦٦٥هەزار کەسیان ئاوارەی عێراقین، جگە لەوەی ٢٦ کەمپی ئاوارەکان شارەکانی هەرێمی کوردستاندا هەن کە ١٦ کەمپیان لە دهۆکە و ٦ کەمپیان لە هەولێرە و ٤ کەمپیشیان لە سلێمانیدایە کە سەرجەمیان نزیکەی ٣٧هەزار خێزانیان تێدا دەژیێت کە زۆربەیان خەڵکی قەزای شەنگال و پارێزگای ئەنبار و سەلاحەدین و دیالەن بەڵام ٧٤٪ی ئاوارەکان لەناو شارەکانی هەرێمی کوردستانن.

بە گوتەی بەرپرسان ئێستاکە، جگە لەوەی هاوکاریی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کەم بووەتەوە حکومەتی عێراقیش کەمترین بڕی هاوکاری پێشکەشی ئاوارەکان کردووە کە ئەمەش بارگرانییەکی زۆری لەسەر حکومەتی هەرێم دروست کردووە بە جۆرێک خەرجیی رۆژانەی هەر ئاوارەیەک لە هەرێمی کوردستاندا دوو بۆ سێ دۆلارە و خەرجیی ڕۆژانەی سەرجەم ئاوارەکانیش دوو ملیۆن و ٥٠٠هەزار دۆلارە.
ئەو ئاوارانەی کە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن تا ئێستا چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە هەرچەندە ڕۆژانە ژمارەیەکی کەمیان دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان بەڵام بەشێکی زۆریشیان بەهۆی خراپی دۆخی ناوچەکەیانەوە نایانەوێت بگەڕێنەوە و هەڕەشەیان لەسەرە.
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عیراق ئاماژەی بەوە کرد “لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی تایبەتی وەزارەتەکەیاندا، کار بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکەن بۆ ناوچەکانی خۆیان بەڵام پێویستیان بە هاوکاری ڕێکخراوە حکومییەکان دەبێت بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنی نیشتەجێی ئاوارەکان. لەگەڵ ئەوەشدا سەرکردایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوشار ناکەن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان چونکە دەیانەوێت پێش گەڕانەوەی ئاوارەکان زامنی ئاسایش و سەقامگیری ئاشتی لە ناوچەکانیان بکرێت و دڵنیا بکرێنەوە کە دوای گەڕانەوەیان تووشی هەڕەشە و بارودۆخی نەخوازراو نەبنەوە.
بە گوتەی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عیراق “هەزاران خێزانی تری عێراقی لە کەمپی ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریادا دەژین، هەروەها ئەو ئاوارانە زۆربەیان هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکانی موسڵ و ئەنبار و سەڵاحەدینن، لەکاتی هاتنی گروپی تیرۆریستی داعش و ئاڵۆزییە سەربازییەکانی دواتردا، ماڵوحاڵی خۆیان جێ هێشت و ئێستا لە ژێر خێمەی کەمپەکاندا دەژین”.