پارێزگاری هەولێر ڕوونکردنەوەی لەسەر بابەتی دەستەخوشكییەتی هەولێر و ناشڤێڵ دەدات و وەڵامی پرسیارەکان لەمبارەیەوە دەداتەوە و دەڵێت، بەو ڕێککەوتننامەیە لەڕووی پارادیپلۆماسییەوە (پەیوەندیی ئەکتەرە نادەوڵەتەکان)، دەستکراوە دەبن پەیوەندی و هەماهەنگیی جۆربەجۆریان هەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 10ـی 09ـی 2023 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر دوای ڕێککه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و ناشڤێڵ سەبارەت بە پرسیاری “بۆ ده‌سته‌خوشکه و ده‌سته‌برا نییه؟” دەڵێت: ئه‌و ناونیشانه ناونیشانێکی جیهانیه‌و ئێمه دامان نه‌ناوه.
پارێزگاری هەولێر ڕوونی کردۆتەوە کە “بەدەستەخوشکبوونی شارەکان، دەستەواژەیەکە بۆ ڕێککەوتنی یاسایی و کارگێڕی نێوان دوو شارى دوو وڵات، کە پێکچوونی کۆمەڵایەتی و کولتوورییان هەیە و خواستیان هەیە پێکەوە هاوکارى و هەماهەنگیی لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا بکەن.”
ڕۆژی شەممە 09ـی 09ـی 2023 هەردوو شارى هەولێرى پایتەختی هەرێمی کوردستان و ناشڤێڵی پایته‌ختی ویلایەتی تێنیسی ئەمریکا، ڕێککەوتننامەى دەستەخوشکبوونی خۆیان ڕاگەیاند و لەلایەن ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر و جۆن کووپەر سەرۆکی شارەوانی شارى ناشڤیل واژۆ کرا.
ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند: بەو ڕێککەوتننامەیە، هەردوو کارگێڕیی شارەکە، لەڕووی پارادیپلۆماسییەوە (پەیوەندیی ئەکتەرە نادەوڵەتەکان)، دەستکراوە دەبن پەیوەندی و هەماهەنگیی جۆربەجۆریان هەبێت و لە بوارەکانی زانیاری، هونەر، کو‌لتوور، پەروەردە، یاسا، چاودێریی تەندروستی، کارگێڕی و خوێندنی باڵا و تەکنەلۆژیا، وەرزش، بازرگانی و حکوومڕانیی خۆجێیی شارەکان، هاوکارى و کاری پێکەوەییان هەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو کە بنەماى دەستەخوشکبوونى شارەکان لەدواى دووەمین جەنگی جیهانییەوە لە نێوان وڵاتاندا پەرەى سەند، جگە لە بەهێزکردنی پەیوەندیی سیاسی و دیپلۆماسیی نێوان وڵاتان، دەرفەتێکی ئاسانکارە تاوەکو شارە گەورەکان پێکەوە لە هاوکاریی ڕاستەوخۆدا بن و لە هاوکارى و هەماهەنگیی بوارە جیاجیاکاندا دەستکراوە بن.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتی 23ـی 05ـی 2023 پێشوازی لە جۆن کووپەر سەرۆکی شارەوانی شاری ناشڤێڵی ئەمریکا کرد و لە گفتوگۆکانیاندا ڕێگە بۆ ڕێککەوتنی دەستەخوشکبوونی هەولێر و ناشڤێڵ خۆش کرا.
ناشڤێڵ پایتەختی ویلایەتی تێنیسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و بەپێی ئامارى ساڵی 2020 ژمارەى دانیشتووانی 689 هەزار و 447 کەسە، شارێکی فرۆجۆرە و هاووڵاتییانی پەناهەندەى کوردی زۆر تێدا نیشتەجێیە. شارەکە لەڕووی ئابووری و گەشتیاری و تەندروستییەوە پێشکەوتووە و وا چاوەڕی دەکرێ لەگەڵ شارى هەولێردا سوودی هەمەجۆر بەیەکتر بگەیەنن.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە داوە کە هەولێر وه‌ک یه‌که‌مین شار له‌سه‌ر ئاستی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و وه‌ک ده‌یه‌مین شاریش له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو جیهان ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ی کردووه، ئه‌مه‌ش به‌رهه‌می پێشکه‌وتنه‌کانی هه‌ولێر و ئارامی و سه‌قه‌مگیری هه‌ولێر و گه‌شه‌سه‌ندنی به‌رده‌وام و به‌یه‌که‌وه‌ژیان و هه‌وڵی به‌رده‌وامی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و خه‌ڵکی شاره‌که‌یه بۆ ژیانی باشتر.