لە ماوەیەکی نزیکدا جووتسایدی سپیلک – خەلیفان لە سۆران تەواو دەکرێت

پرۆژەی بەدووسایدکردنی ڕێگای سپیلک – خەلیفان، یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی ئیدارەى سەربەخۆی سۆرانە و کارکردن تێیدا بەردەوامە؛ بەمنزیکانەش پرۆژەکە تەواو دەکرێت.
درێژیی ڕێگاکە ١٠ کیلۆمەترە و پانییەکەشی ١٦ مەترە، تێچووەکەی ٧٦.٥ ملیار دینارە؛ کارکردنیش تێیدا، ٤٠٠ هەلی کاری بۆ دەستیکاری ناوخۆیی ڕەخساندووە.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەوبارەیەوە ڕایگەیاند: “لە چوارچێوەى بەرنامەى کابینەى نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگییەکی زۆرمان بە دروستکردنی ڕێگەوبان وەکوو ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان داوە و لە هەموو کوردستان ئەم پرۆژانەمان جێبەجێ کردوون. بەرنامەى زۆرمان هەیە لەڕووی گەشتیاریشەوە گرنگییەکی زیاتر بەم ناوچەیە بدەین، دیزاین و پلانی زۆریش خەریکە ئامادە دەکرێت، بۆ ئەو ئەو ناوچەیە، تا لە ڕووی گەشتیارییەوە سەرنجڕاکێشتر بێت و گەشتیاران لە ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان و عێراقەوە سەردانی ئێرە بکەن.”

پرۆژەى ڕێگەى سپیلک – خەلیفان لە ئیدارەى سۆران، زیاتر لە ٥٠٪ـی کارەکانی تەواو بووە و لە ماوەیەکی نزیکیشدا سەرجەم کارەکانی دیکەی تەواو دەکرێن و دەخرێتە خزمەت هاووڵاتییانی ناوچەکەوە؛ ئەم پرۆژەیە، بەشێكە لە ڕێگای هامڵتۆن كە دەروازەی سنووریی حاجیئۆمەران بە پارێزگای هەولێر دەبەستێتەوە؛ دەبێتە هۆکارێک بۆ بووژانەوەی کەرتی بازرگانی و گەشتیاریی ئیدارەی سۆران.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری