بڕیارێکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق جووتیاران نیگەران دەکات

بڕیارێكی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی عێراق، تایبەت بە رێگەدان بە ھەناردەكردنی پەتاتە لە ئێران جووتیارانی نیگەرانكردووە، وێڕای ئەوەی کە عێراق بەرهەمێکی زۆری پەتاتەی هەیە و عەمابارێکی گەورەی یەدەگیشی هەڵگرتووە، بەجۆرێک نەك تەنیا بەشی پێداویستی ناوخۆدەکات، بەڵکو دەتوانێت هەناردەی دەرەوەشی بکات، جووتیاران و بازرگانانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیش، دووپات لەوە دەکەنەوە کە بڕیارەکە، بەرهەمی پەتاتە لە عێراقدا رووبەڕووی مەترسییەکی راستەقینە دەکاتەوە.

بڕیارەكە وەكو بروسكەیەك بوو، جووتیاران و بازرگانانی شۆك كردووە، ماوەی دوو ساڵە توانراوە پێداویستی عێراق لە بەرھەمی پەتاتە دابین بكرێت و ھەناردەی دەرەوەش بكرێت، كەچی وەزارەتی كشتوكاڵ رێ بۆ پەتاتەی ئێرانی دەكاتەوە، كە ھاوردەی عێراق بكرێت.

حاجی میساق ئەحمەد، یەكێکە لە بازرگانەكانی پەتاتەیە، ئەو بڕیارە بەپلان بۆ دانراو دەزانێت و پێی وایە كەرتی بەرھەمی پەتاتەی عێراق دووچاری گەورەترین زیان و شكست دەكاتەوە.

ئەو دەڵێ: “پەتاتە بەرھەمێكی خۆماڵییە، جووتیارانی عێراقی زۆری لێ بەرھەمھێناوە، كە دەتوانێت ھەناردەی دەرەوەی بكات، دووساڵ دەبێت یەك پەتاتەشمان ھاوردە نەكردووە، پێمان سەیرە بەرلە دوو رۆژ وەزیری كشتوكاڵ رێ بە ھاوردەكردنی دەدات، بەوە ماڵی ھەموومانی وێران كرد، بە پارەیەكی زۆر، پەتاتەی ئەمساڵمان كڕیووە و لە ئەمبارەكان دامان ناوە، تەنانەت ھێشتا مافی جووتیارەكانیشمان نەداوە” .

ژمارەی ئەو کەسانەی لە بواری بەرهەمهێنانی پەتاتەدا کاردەکەن زۆرن، ئەوانیش دووپات دەکەنەوە بڕیارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق زیانێکی مەزن لە ئابووری وڵات دەدات.       

حەیدەر حەسەن، بەرھەمھێنی پەتاتە ئاماژە بەوەدەکات: “پەینی كیمیاوی، تۆو، گاز، ئەمباری ساردكەرەوە، كرێی باروگواستنەوە، بڕیارەكەی حكومەت ماڵی ئێمە و جووتیارانیشی وێران كرد، و چیتر ناتوانین كاربكەین”.

بەرھەمھێنەرانی پەتاتە ھۆشداری دەدەن، كە بەھۆی ئەو بڕیارەوە، ژمارەی بێكاران لە ريزی كرێكارانی كەرتی كشتوكاڵ زیاتر دەبێت، لەم كاتەدا نەدەبوو وەزیری كشتوكاڵ بڕیارێكی لەو جۆرە بدات.