سلێمان تاشان – ههولێر
لە دوای ڕووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ یەکەم ڕژێمی دیموکراتیک لە مێژووی سیاسیی عێراق دامەزرا کە بناغەکەی فیدراڵی و هاوبەشی سیاسی و سازان و بەیەکەوە بەڕێوەبردنی وڵات بوو، بەڵام ئەمە لای زۆرینەی عێراقییەکان تەنیا لەسەر کاغەز قبووڵ کراوە و لە پراکتیکدا هیچ باوەڕێکیان پێی نەبووە و هەر ئەوەش وایکردووە عێراق لە ژێر سایەی ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە نەحەسێتەوە.
پێشی ٢٠٠٣ گەلی کورد خۆی خاوەنی پەرلەمان و دەسەڵات و نوێنەرایەتی دەرەوە و دامەزراوە جیاوازەکانی دارایی و سەربازی و یاسادانان بوو و تەنانەت لە هەرێمی کوردستان وەک نیمچە دەوڵەتێک بە دراوێک مامەڵە دەکرا کە لە شوێنەکانی تری عێراق مامەڵەی پێوە نەدەکرا و لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دانی پێدا نرابوو.
گەلی کورد و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بەو تێگەیشتنەی ئەو کات لە دۆخی سیاسی و ئابووریی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و جیهان هەیانبوو و بەو باوەڕەی بە بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەژیان هەیبوو، وەک چۆن لەڕووخاندنی ڕژێمی بەعس ڕۆڵێکی کارای گێڕا، لە بنیاتنانی دەوڵەتی نوێی عێراقیش کارا بوو و حکوومەتی عێراق لەسەر دەستی کورد بنیات نرایەوە.
لە عێراق دەسەڵاتی بەعس لەناوچوبوو و هێزە شیعەکانیش کە هیچ ئەزموونێکیان لە دەسەڵات و ئیدارەدانی دەوڵەت نەبوو، بەو هەنگاوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان گرتیانە بەر دڵخۆش بوون. کورد بەو ئاراستەیە لەگەڵ هێزەکانی شیعە بۆ دامەزراندنی عێراقی نوێی فیدراڵی هەنگاوی نا چونکە پێی وابوو لە لایەن شیعەکانەوە باشتر درک دەکرێ و شیعەش هاوشێوەی کورد قوربانیی دەستی رژێمی بەعس بووە و ستەمێکی زۆری لێ کراوە.
دەستووری فیدراڵی نووسرایەوە و بەشێکی بەرچاو لە مافەکانی گەلی کورد لە دەستووردا چەسپێنران و لە لایەن زۆرینەی عێراقییەکان دەنگی پێ درا. ئەو دەستوورە ئەگەر وەک خۆی جێبەجێ کرابا سەرجەم عێراقییەکان لە ژێرسایەیدا دەحەسانەوە بەڵام دەرەنجامەکەی بەو شێوەیە دەرنەچوو. وادیارە شیعەکان کە زۆرینەی عێراقیشیان پێک دەهێنا ئەوەندەی بیریان لە تۆڵەسەندنەوە لە پێکهاتەی سوننە دەکردەوە ئەوەندە باوەڕیان بەو دەستوورە نەبوو دەنگیان پێ دابوو و دیموکراسییان تەنیا لەسەر کاغەز قبووڵ کردبوو و لە کردەوەدا هیچ باوەرێکیان پێی نەبوو.
ئەو شێوە تێڕوانینە عێراقی تووشی دۆخێکی نالەبار کرد و شەڕی تایفی و گەندەڵی و سەرهەڵدانی کۆمەڵێک گرووپی تیرۆریستی، دەرهاویشتەی ئەو شێوازە بیرکردنەوەوە و ئیدارەدانە بوو.
دەسەڵاتی شیعە پابەندی جێبەجێکردنی هیچ کام لەو مادانە نەبوو کە لە دەستووردا هاتبوون و بە بیانووی جیاوازڕێی لە جێبەجێکردنی مادە دەستورییەکان گرت. لە ساڵی ٢٠١٤ بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان هەر لەسەر دەستی ئەو دەسەڵاتە بڕدرا و بەهۆیەوە هەرێمی کوردستان لە ناچارییان تووشی دۆخێکی تایبەتی و قەیراناوی بوو و هیچ چارەیەکی نەبوو جگە لەوەی کە خۆی نەوتەکەی بفرۆشێت و بژێویی خەڵکی پێ دابین بکات.
لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی٢٠٢٢ رۆڵیان هەبوو لە پێداکردنی ئاو بەو ئاگرەی ماوەی چەند ساڵێک بوو لە عێراق هەڵگیرسابوو و دۆخی ململانێی ناوخۆیی ناو ماڵی شیعەی گەیاندبووە لووتکە، بە هاوکاریی لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی و لایەنە سوننەکان، حکوومەتی ئیدارەی دەوڵەت دامەزرێنرا و ئومێدێک هاتە کایەوەڕوانگەی زۆرینەی شیعە گۆڕدرابێت و ناکۆکییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە پرسی کەرکووک، نەوت و گاز دۆزیەکانی تر یەکلایی بکاتەوە.
دەرەنجامی هەموو ئەو نیازپاکییەی گەلی کورد ئەوە بووە عێراق تەنانەت یاسایەک جێبەجێ نەکات کە خۆی پەسندی کردووە و دەست بۆ بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان بەرێت.
هەموو ئەو هەڵوێستانە دەیسەلمێنن کێشەکە هیچ پێوەندییەکی بەوە نییە هەرێمی کوردستان و عێراق کامەیان ئەرکەکانیان بەرانبەر ئەوی تر جێبەجێ کردووە، بەڵکوو کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە دەسەڵاتی شیعە لە هەوەڵەوە باوەڕی بە دیموکراسی نەبووە و دەخوازێت هەموو عێراق بە کورد و سوننەوە لە ژێر چەپۆکی ئەودا بن و چۆنی خۆی پێی خۆش بێت فەرمانڕەوایی بکات، هەنگاوێک کە ئەگەر درێژەی پێ بدرێت هیچ چارەنووسێکی جگە لە چارەنووسی بەعس نابێت.