كتیێبی عومەر میرانی “پێشمەرگە و دیپلۆماتكاری خەباتگێڕ” كە مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەی کردووە، ئەم كتێبە ژینامەی كەسایەتییەكی تێكۆشەر و پێشمەرگەیەكی گیانلەسەردەست و سیاسەتمەدارێكی چالاك دەگێڕێتەوە.
ئاوڕدانەوە لە كولتووری سیاسی و شۆڕشگێڕیی نەتەوەكەمان لە ڕێی گەڕانەوە بۆ ژیانی جوامێرانێك كە هەموو تەمەنی خۆیان بەخت کرد لەپێناو پرسی نەتەوە و وڵاتدا، بە دڵنیاییەوە كارێكی دروست و زۆر بەجێیە، چونكە ئەو میراتە بەهادارە بەشێكە لە سەروەری و شانازییەكانی گەلەكەمان. تۆماری تێكۆشەرانی ڕێی كوردایەتی و بزاڤی ڕزگاریخواز و ئازادیخوازی كورد، هێندە هەڵوێست و كاری شكۆمەندانەی تێدایە، كە بۆ دەیان نەوەی داهاتووی نەتەوەكەمان مایەی شانازی و سەربەرزییە، نەوەی ئێستا و داهاتووشمان، لە ڕێی ئەم جۆرە كتێبەوە تێدەگەن تێكۆشانی نەتەوەیی و نیشتمانی چەندە ڕەنج و قوربانی و خۆبەختکردنی ویستووە.
هۆشیار سیوەیلی، لەم كتێبەدا، ئاماژەی بەوە داوە: “هەڤاڵ عومەر موحەمەد میرانی هەر لە تەمەنی لاوییەوە لە ڕێگەی ڕێكخستنەكانی پارتییەوە تێكەڵی سیاسەت بووە و هەر لەم ڕێگەیەشەوە چۆتە سەنگەری كوردایەتی و بەرگری لەگەل و نیشتمان. هەڤاڵی كۆچكردوو لە ساڵی 1973 چووەتە ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان وبۆتە پێشمەرگە لە سنووری لقەكانی یەك و سێی پارتی دیموكراتی كوردستاندا.”
سیوەیلی دەشڵێت: “هەڤاڵی خوالێخۆشبوو وەك كادیرێكی شارەزای زمانی ئینگلیزی و خاوەن ئەزموون توانیی ڕۆڵی گەورە بگێرێت، لە ساڵی 2001 ڕاژەی هەڤاڵی كۆچكردوومان گوێزرایەوە بۆ مەكتەبی پەیوەندییەكانی پارتی لە ئەنقەرە و دوای گەڕانەوەی هەڤاڵ سەفین دزەیی بەرپرسی مەكتەبەكە بۆ كوردستان، هەڤاڵ عومەر بووە بەرپرسی مەكتەب.