شیڤان شێرزاد – هەولێر
دەزگای کولتووری “یاد” دوانزەمین ساڵیادی نووسەر و شاعیری ناسراوی کورد “مەحمود زامدار”ـی بە ناونیشانی “قەڵەمێکی پڕ رەنگ” بە ئامادەبوونی (د. سالار عوسمان) بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەشداری د. کوردستان موکریانی و د. عارف حیتۆ و خوسرەو جاف و عەباس عەبدوڵا و ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەند و شاعیر و نووسەران و خانەوادەکەی بەرز راگرت.
دوانزە مۆم بۆ رۆحی زامدار
لە دوانرەمین ساڵیادی کۆچی زامداری نووسەر و پەخشاننووس و شاعیردا، هەریەک لە “د.کوردستان موکریانی، خوسرەو جاف، د.عارف حیتۆ، عەباس عەبدوڵا” دوانزە مۆم داگیرساند، پاشان وتاری د. کوردستان موکریانی رووناکبیر خوێندرایەوە، کە وردبۆوە نێو ژیانی تایبەت و شیعرەکانی لە نێو فەرهەنگی کوردی دا، هاوکات تیشکی خستە سەر، کتێبەکانی ئەو نووسەرە، کە لە سەرەتای ژیانیەوە و تادوا هەناسەکانی عاشق بوو بە کتێب و وشەی کوردی و چەندین لێکۆڵینەوەی وردی بۆ کتێبە فەلسەفیەکان کردووە، بەتایبەت لەو ساڵانەی کە لە بەغدا کاری دەکرد، وەک کانیاوێکی سازگار بەرهەمی پێشکەشی فەرهەنگ و کتێبخانەی کوردی کردووە، جگە لە نووسینە تایبەتەکانی، کە ببووە گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی لە دوای خۆی دا جێهێشت.
گوتیشی: راستە زامدار هەمیشه دەم بەخەندە بوو، بەڵام ناخی خۆی پڕ بووە لە زام و ئازار و فرمێسکی گەرم بۆ ژیان.
٣٠ کتێبی ناوازە لە کتێبخانەی کوردی دا
لە پەراوێزی رێوڕەسمی یادەکەدا، نووسەران تیشکیان خستە سەر بەرهەمە ئەدەبیەکانی لە نێو کتێبخانە و فەرهەنگی کوردی دا، بەتایبەت کتێبە ناوازەکانی، کە ژمارەیان گەیشتووه بە ٣٠ کتێب و ٩٣٠ وتاری تایبەت لە گۆڤارەکانی بەیان و کاروان و رامان، جگە لە پێشکەشکردنی بەرنامەیەکی تایبەت لە ئێزگەی کوردی بەغدا، کە لە ساڵانی هەشتاکان پێشکەشکراوە، بەتایبەت دوای بڵاوکردنەوەی کتێبی ماجەرای زامدار و کەرنامە، کە زۆرترین خوێنەرینان هەبووە و چەندین جار چاپکراونەتەوە.
دۆکیۆمێنتارییەک لەسەر ژیانی زامدار نیشاندرا
هەر لە چوارچێوەی یادەکەدا، فیلمێکی دۆکیۆمێنتارییەکی تایبەت لەسەر ژیان و شیعرەکانی ئەو کەڵە شاعیرە نمایش کرا.
فیلمەکە لە لایەن کاروان و سیڤەر زامداری کوڕی ئەو شاعیرە ئامادەکرابوو، کە لە ماوەی ٦٧ ساڵی تەمەن و دنیای وشە و نووسیندا تۆمارکراوە.
لە بەشێکی فیلمەکەدا زامدار شیعر بۆ جوانیی و عەشق و ئازادی دەخوێنێتەوە و ورد دەبێتەوە بە نێو شیعرەکانی مەحوی، کە پڕبووە لە پەیامی نیشتمانپەوەریی و خاکەڕەوەیی و ژیاندۆستی.
پێشمەرگەیەکی قەڵەم بە دەست
مەحمود زامدار لە سەردەمی شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی ئەیلول و گوڵاندا، لە نزیکەوە داستانەکانی کوردی بە وشە تۆمارکردووە و چەند راپۆڕتێکی بۆ مێژوو بڵاوکردووەتەوە، بەتایبەت ئەوکاتانەی بە دیداری سیمبولی نەتەوەی “مەلا مستەفا بارزانی” دەگات، چەندین وێنەی ناوازە لەم سەردەمەدا تۆمار دەکات و وەک ئەرشیفێکی بەنرخ لە فیلمە دیکۆمێنتارییەکەدا نیشان درا.
ماهیر حەمەدەمین دوو گۆرانی بۆ یادەکە چڕی
لە کۆتایی یادەکەدا، هونەرمەندی گۆرانیبێژ ماهیر حەمەدەمین دوو گۆرانی بۆ ڕۆحی مەحمود زامدار چڕی، هاوکات باسی لە یادگارییەکانی خۆی و ئەو کەڵە شاعیرەدا کرد و گوتی: هەمیشە ئامۆژگارییەکانی ئەو شاعیرە ڕێڕەوی ژیانی منی گۆڕی وەک هونەرمەندێک و وایکرد، کە زیاتر پەره بە هونەرەکەم بدەم و کاری جوانتر پێشکەش بکەم.