كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌سه‌ر بنه‌مای ستراتیژی ڕووكردنه وزه‌ی خاوێن و دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه گرنگه‌كان بۆ هاووڵاتیان، توانیویه‌تی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با بگه‌یه‌نێته ٣ هەزار و ٥٠٠ مێگاوات و چه‌ندین وێستگه به سوودوه‌رگرتن له وزه‌ی خاوێن دابمه‌زرێنێت.
ئێستا ئاستی به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كاره‌با له وزه‌ی خاوێن به ڕێژه‌ی ١٠% – ١٥% زیادی كردووه و یەک ملیۆن و ٨٥٠ هه‌زار هاوبه‌شی کارەباش له سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان هەن.
پێشتر هه‌رێمی كوردستان به پله‌ی یه‌كه‌م پشتی به به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كاره‌با له وێستگه كارۆئاوییهكانی دووكان و ده‌ربه‌ندیخان ده‌به‌ست. له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وێڕای پێشخستنی ئه‌و وێستگانه، كاری بۆ ئه‌وه كرد، ئه‌و وێستگانه‌ی به سووته‌مه‌نی كاریان ده‌كرد، سیستەمیان له سووته‌مه‌نیی شله‌وه بگۆڕێت بۆ غازی شل، هه‌روه‌ها سوود له وزه‌ی خۆر و وێستگه‌ی هه‌ڵمی وه‌ربگرێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با.
هاوكات كابینه‌ی نۆیه‌م، له ڕێگه‌ی هێنانی سیستمێكی زیره‌ك بۆ دابه‌شكردنی كاره‌با، پرۆژه‌ی نیشتمانیی ڕێكخستنه‌وه‌ی دابه‌شكردنی كاره‌بای جێبه‌جێ كرد و توانی له سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستاندا سیستەمه‌كه بخاته گه‌ڕ، كه له ڕێگه‌یه‌وه ڕێگری له هه‌موو جۆره پێشێلكاری و به‌هه‌ده‌ردانێكی ته‌زووی كاره‌با گرتووه.
یه‌كێكی دیكه له ده‌ستكه‌وته‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌م له بواری كاره‌بادا، وێڕای نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی تۆڕه‌كانی كاره‌با و خستنه‌گه‌ڕی سیستمی پێوه‌ری زیره‌ك، چه‌ندین ده‌ستپێشخه‌ریی گرنگی بۆ هاووڵاتیان ڕاگه‌یاند، به مه‌به‌ستی گێڕانه‌وه‌ی قه‌رزی كاره‌با و كه‌رتی كۆكردنه‌وه‌ی داهاتی كاره‌بای ڕێكخسته‌وه و له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه ئاستی داهاتی وه‌زاره‌تی كاره‌با گه‌شه‌ی زیاتری به‌خۆوه بینی.
له هه‌رێمی كوردستاندا، وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ دابینكردنی وزه‌ی كاره‌با پشت به وێستگه كارۆئاویی، هه‌ڵمی، غازییەکان ده‌به‌ستێت، كه بریتین له:
– وێستگەی هەولێر، کۆمپانیای سایکل 1500 مێگاوات.
– وێستگەی سلێمانی، کۆمپانیای سایکل 1500 مێگاوات.
– وێستگەی دهۆک، غازی 1000 مێگاوات.
– وێستگەی بازیان، غازی 1000 مێگاوات.
– وێستگەی خورمهڵە، 960 مێگاوات.
– وێستگەی گەرمیان، غازی 165 مێگاوات.
– وێستگەی خەبات، هەڵمی 300 مێگاوات.
– وێستگەی باعه‌درێ، نەوتی رەش، 150 مێگاوات.
– وێستگەی سلێمانی- تاسڵوجە، 51 مێگاوات.
– وێستگەی دوکان کارۆئاوی، 400 مێگاوات.
– وێستگەی دەربەندیخان، كارۆئاوی، 249 مێگاوات.
– وێستگەکانی 29 مێگاواتی نەوتی ڕەش لە هەر یەکە لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و وێستگانه، كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پرۆژه‌ی دامه‌زراندنی دوو وێستگه‌ی دیكه‌ی كاره‌بای خستووه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، كه ئه‌وانیش وێستگه‌ی ١٠٠ مێگاواتیی سۆران و وێستگه‌ی كارۆئاویی دێرهلووكن، كه توانای به‌رهه‌مهێنانی ٣٩ مێگاوات كاره‌بای هه‌یه.
هه‌موو ئه‌م پرۆژه و خزمه‌تانه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له كاتێكدا بوو، كه هه‌رێمی كوردستان ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانی دارایی بووه‌ته‌وه، به هۆی فشاره‌كانی حكومه‌تی عێراق و بڕینی بودجه و شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
هاوكات ڕۆژ له دوای ڕۆژ خواست له‌سه‌ر كاره‌با وه‌ك پێویستییه‌كی ژیان زیاتر ده‌بێت، ئه‌مه‌ش به هۆی گه‌شه‌ی دانیشتووان و فراوانبوونی شاره‌كان و زیادبوونی ئاستی به‌كارهێنانی كاره‌با له لایه‌ن هاوبه‌شه‌كانه‌وه.
هه‌روه‌ها له ماوه‌ی كاركردنیدا، كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وێڕای دابینكردنی كاره‌با بۆ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، توانیویه‌تی كاره‌با بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و ئاواره و په‌نابه‌رانه دابین بكات، كه له كه‌مپه‌كانی سنووری هه‌رێمی كوردستاندا په‌نا دراون.