سلێمان تاشان – ههولێر
ئەزموونی دەیان ساڵەی خەباتی گەلی کورد لە باشووری کوردستان ئەو ڕاستییەی سەلماندووە کە کورد لە هەموو ئەو قۆناغە مێژووییانەی یەکگرتوو و هاوهەڵوێست بووە دەستکەوتی گەورەی هێناوەتە دی و لە هەموو ئەو قۆناغانەش کە پەرتەوازە بووە، زیانی گەورەی بەرکەوتووە. ئێستا کە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی نالەباردایە ئەگەر یەکگرتوو و هاوهەڵوێست بێ شایی سەرکەوتن دەگێڕێتەوە.
ئەگەر لانی کەم لە دەیەی کۆتایی سەدەی ڕابردووەوە باسی ئەو مێژووە بکرێ راستییەکان زیاتر ڕوون دەبنەوە. کاتێک جەنگی یەکەمی کەنداو دەستی پێ کرد دەرفەتێکی نوێ بۆ گەلی کورد هاتە کایەوە، کلیلی قۆستنەوەی ئەو دەرفەتە زێڕینە دامەزراندنی بەرەی کوردستانی و یەکدەنگیی و هاوهەڵوێستیی گەلی کورد بوو. سەرجەم هێزە سیاسییەکانی کوردستان بە یەکەوە ڕووبەڕووی رژێمی بەعس بوونەوە و بەرهەمەکەیان لە نەورۆزی ١٩٩١ دوورییەوە و هەر ئەوەش وای کرد بۆ یەکەم جار هەرێمی کوردستان بە تەواوی ئازاد بکرێ و دواتر حکوومەت و پەرلەمان بۆ یەکەم جار دابمەزرێت کە خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد.
نایەکگرتوویی و دووبارە ناکۆکی ناوخۆیی و دووبەرەکی لە هەمان دەیە تاڵترین دەرهاویشتەی لێ کەوتەوە کە شەڕی براکوژی بوو و ئەم ئاگرەش کاتێک ئاوێکی پێدا کرا کە جارێکی تر هێزە سیاسییەکان بۆ هەمان پرەنسیبی پێکەوەیی و هاوگوتاری گەڕانەوە.
ئەو یەکگرتووییەی لە نێوان هێزەسیاسییە سەرەکییەکان دروست بوو پاڵپشتێکی گرنگ بوو بۆ هاوپەیمانان بۆ ئەوەی زۆر ئاسانتر بتوانن لە جەنگی دووەمی کەنداو لە ساڵی ٢٠٠٣ ڕژێمی بەعس بڕووخێنن و حکوومەتێک نوێ و سیستمێکی نوێی سیاسی بهێننە کایەوە.
لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ هەر دوو هێزە سەرەکییەکەی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان دەست لە ناو دەستی یەکتر بەرەو بەغدا بەڕێ کەوتن و عێراقی فیدراڵ لەسەر دەستی کورد و بە هیممەتی ڕێبەرانی کورد دامەزرا و دەستوورێک نووسرایەوە کە زۆرترین مافەکانی گەلی کوردی تێدا چەسپێنرا و زۆرترین پشکی بودجە لە عێراقەوە بۆ کورد دابین کرا.
کوردستان بەو هۆیەوە گەشایەوە و ئاوەدانی بەخۆیەوە بینی و خێرایی گەشەسەندن لە هەرێمی کوردستان ئەوەندە زۆر بوو سەرنجی تەواوی وڵاتانی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، هەلی کاری زۆر هاتنە کایەوە و بە سەدان کۆمپانیا ڕوویان لە کوردستان کرد و بە دەیان ملیار دۆلار وەبەرهێنان کرا.
ئەم دۆخە تا ئەو کاتە بەردەوام بوو کە بەغدا لە ساڵی ٢٠١٤ بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، دواتر جەنگی داعشی بەسەردا هات بەڵام بەهۆی ئەوەی کە کورد یەکگرتوو بوو بۆ هیچ کامێکیان چۆکی دانەدا و هەر چۆنێک بێ بە کەم و زۆر مووچەی خەڵک دابین کرا، لە لایەکی تر هەر ئەو یەکگرتووییە وای کرد مەترسیدارترین ڕێکخراوی تیرۆریستیی جیهان لەسەر دەستی پێشمەرگە شکست بخوات و سەرجەم خاکی باشووری کوردستان بکەوێتەوە دەستی پێشمەرگە و دەستکەوتێک بوو کورد بە درێژایی مێژوو ئاواتی بۆی دەخواست.
نەهامەتییەکانی کوردستان ڕێک لەو کاتەوە دەستیان پێ کردەوە کە پەتای دووبەرەکی و ناکۆکی دیسان ناو ماڵی کوردی تەنی و لە ساڵی ٢٠١٧ رووداوی تاڵی ١٦ی ئۆکتۆبەر ڕوویدا و ڕێک نیوەی خاکی باشووری کوردستان لەدەست درا و کەوتە دەستی دوژمنە سوێندخواردووەکانی کورد.
لەو کاتەوە کورد نەیتوانیوە بۆ هەمان پڕەنسیب بگەڕێتەوە و بۆیەش هەست بەوە کراوە ساڵ بە ساڵ زیانی زیاتری بەرکەوتووە و ئەو زیانانەش لانی کەم لە دوو ساڵی ڕابردوودا زۆر زیاتر تەشەنەیان سەندووە و هەستیان پێ کراوە.
گەلی کورد لە پرسی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ و ٢٠٢١ زۆر پەرتەوازە بوو لە کاتێکدا بەغدا زۆر لاواز ببوو و دەرفەتێکی زێڕین لەبەردەم کورددا بوو بتوانێت بەهۆیەوە هەستێتەوە و بۆ رۆژانی گەشە بگەڕێتەوە. ساڵی رابردوو سەرەرای ئەوەی کە عێراق لە قەیرانێکی قووڵدابوو، ناکۆکییەکانی نێو ماڵی کورد لە پرسی دامەزراندنی حکوومەتی نوێی عێراق، کوردی وەک فاکتەرێکی لاواز دەرخست و عێراقیشی بۆ فاکتەرێکی بەهێز و پتەو گۆڕی. لەو کاتەوە زیانەکانیش زیاتر بوون.
لە شەش مانگی ڕابردوودا پەرتەوازەبوونی زیاتری لایەنە سیاسییەکان وای کرد هەرێمی کوردستان جگە لە لەدەستدانی سەربەخۆیی ئابووری، لە پرسی بودجەشدا ستەمێکی زۆر گەورەی لێ بکرێت و کار بگاتە ئەوەی ئەو یاسایەش کە بەسەر کورددا سەپێنرابوو جێبەجێ نەکرێت و سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕەچاو بکرێت.
تاکە پرەنسیب و ئامرازێک کە کورد دەتوانێت بەهۆیەوە هەڵبستێتەوە و بەرانبەر هەموو ستەمەکانی بەغدا بوەستێت و سەرکەوتنی مێژوویی بەهۆیەوە تۆمار بکات، یەکگرتوویی و پێکەوەکارکردنی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە و بۆ پێچەوانەکەشی دەبێ چاوەڕێی نەهامەتیی خراپتر بکەین.