پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ڕۆنانی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە

چواس خالید – هەولێر

له‌چوارچێوه‌ی به‌رده‌وامیی خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان و پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، حه‌فته‌ی ڕابردوو به‌ گوژمه‌ی زیاتر له‌ سێ ملیار دینار، ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ له‌ شاری ئاكرێ جێبه‌جێ كران.

پرۆژەکان قیرتاوكردنی شه‌قامی گه‌ڕه‌كه‌كانی گوڵئن و نه‌ورۆز و ڕوناهی و سماقوك و خه‌بات و چه‌ند شوێنێكی دیكه‌ی شاری ئاكرێ ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ به‌ گوێره‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی دهۆك، گوژمه‌ی ئه‌و پڕۆژانه‌، سێ ملیار و نه‌وه‌ت و نۆ ملیۆن دیناره‌ و جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژانه‌ ده‌بێته‌ هۆی بووژانه‌وه‌ی شاره‌كه‌ له‌ ڕووی خزمه‌تگوزارییه‌وه‌.
له‌ به‌رده‌وامیی پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری به‌ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێی كوردستان بڕیاری دا به‌ ته‌رخانكردنی پازده‌ دۆنم زه‌وی بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ١٠٠ قه‌ره‌وێڵەیی له‌ مه‌خموور.
به‌گوێره‌ی نووسراوێكی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، كه‌ ئاراسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی هه‌ولێر كراوه‌، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌زامه‌ندی نیشاندا له‌سه‌ر ته‌رخانكردنی ١٥ دۆنم له‌ پارچه‌ زه‌وی كه‌رتی ٧ له‌ مه‌خموور، بۆ دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ١٠٠ قه‌ره‌وێڵه‌یی له‌ قه‌زاكه‌.
هه‌ر له‌ حه‌فته‌ی ڕابردوودا، به‌ سه‌رپه‌رشتی تیمه‌كانی شاره‌وانی له‌ سه‌نگه‌سه‌ر له‌ سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی ڕاپه‌ڕین، پڕۆژه‌یه‌كی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و قیرتاوكردنی شه‌قام له‌لایه‌ن شاره‌وانییه‌وه‌ جێبه‌جێ كرا.
به‌ مه‌به‌ستی خزمه‌تكردن و پاكڕاگرتنی ژینگه‌ و سه‌وزكردنی شاری هه‌ولێر، له‌ هه‌ڵمه‌تێكی تیمه‌كانی ئه‌ندازه‌ی پاركه‌كانی هه‌ولێری سه‌ر به‌ سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر، حه‌فته‌ی ڕابردوو، نزیكه‌ی حه‌وت هه‌زار دار له‌سه‌ر ڕێگه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ولێر – مه‌خموور – مامزاوه‌، چاندران و هه‌ڵمه‌تی سه‌وزكردنی شاری هه‌ولێر به‌رده‌وام ده‌بێت.
هه‌ر له‌ حه‌فته‌ی ڕابردوودا، له‌ بنه‌سڵاوه‌ پڕۆژه‌ی شه‌قامێكی دووساید به‌ زیادتر له‌ دوو ملیار دینار كه‌وته‌ واری جێبه‌جێكردنه‌وه‌. گوژمه‌ی پڕۆژه‌كه‌ دوو ملیار و پێنج سه‌د و سی و شه‌ش ملیۆن دینار، له‌سه‌ر بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگه‌ی هه‌ولێر و له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی بنه‌سڵاوه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی هه‌ولێره‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی جێبه‌جێكردنی ده‌كرێت.
جیا له‌وانه‌ و هه‌ر به‌مه‌به‌ستی خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان و چاره‌سه‌ركردنی گرفتی زه‌ویی سندووقی، ڕێپێدانی بینا له‌ حه‌ره‌می گونده‌كان، حه‌فته‌ی ڕابردوو مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕه‌زامه‌ندی دا له‌سه‌ر چاره‌كردنی گرفتی زه‌ویی سندووقی و ڕێپێدانی بینا و فراوانكردنی حه‌ره‌می گونده‌كان و جێبه‌جێكردنی یاسای به‌خاوه‌نكردنی ئه‌و زه‌وییانه‌ی كه‌ له‌ سنووری شاره‌وانییه‌كان زێده‌ڕۆییان له‌سه‌ركراوه‌، له‌ پارێزگای هه‌ولێر و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران.

پاشخان:
سه‌رباری درێژبوونه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی ته‌نگژه‌ی دارایی و نه‌ناردنی بودجه‌كه‌ی له‌لایه‌ن به‌غداده‌وه‌ به‌ بیانوی بێبنه‌ما، له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕۆنان و بنیاتنانی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییەکانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نەوەستاوە‌، كه‌ به‌ به‌رده‌وامی ڕۆژانه‌ و هه‌فتانه‌ چه‌ندین پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتیانی ده‌كات، به‌پێی ئاماری كاره‌كانی چوار ساڵی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌و ماوه‌یه‌دا سێ هه‌زار و سێ سه‌د و په‌نجا و نۆ پڕۆژه‌ی جیا جیا، به‌ گوژمه‌ی دوازده‌ ترلیۆن و هه‌شت سه‌د و سی و هه‌شت ملیار و شه‌ش سه‌د و حه‌وت ملیۆن دینار له‌ هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ كردووه‌.