پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ڕووبەڕی شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان فراوان و لەبارن

گەرمیان گلی – هه‌ولێر

تاکە سەرچاوەی داهاتی هەرێمی کوردستان نەوت و داهاتی خاڵە سنورییەکانە، قەیرانی دارایی پلان و ستراتیژی حکومەتی هەریمی کوردستانی گۆڕی تا بیر لە داهاتی تر بکاتەوە، کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان چووەتە قۆناغێکی نوێوە، ناوچە گەشتیاریەکان زیاتر دەبوژێنەوە و گەشە دەکەن، بە جۆرێک گەشیاران دەتوانن چوار وەرزە گەشت بکەن و ئەمەش کارگەری لەسەر ئاستی داهاتی هەرێم دەبێت. هەروەها هەرێمی كوردستان
شاخی هەیە و ئاوی زۆر و شیرینە و خاوەن سروشتێکی لە بارە.

پێشكە‌وتنی كەرتی گەشتیاری هەرێمی كوردستان
لە ساڵی ٢٠٠٥ وە هەرێمی کوردستان، گەشەی بەرچاوی لەڕووی زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران بۆ ناوچەکە و سوودە ئابووریەکانی کردووە. ژمارەی گەشتیاران ساڵ بە ساڵ زیادیان کردووە، زۆربەی ئەو گەشتیارانەی دێنە هەرێمی کوردستان، خەڵکی باشوور و ناوەڕاستیی عێراقن، لەگەڵئەوەش زیادبوونی ژمارەی گەشتیارانی بیانی بۆ ١١ بەرامبەر لە نێوان هەمان ماوەدا ئاماژەیەکە بۆ بازاڕی ناوخۆ و نێودەوڵەتی.
بۆ هاندانی گەشەی بەردەوامی ئەو سێکتەرە، دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان، مۆڵەتی خەرجکردنی زیاتر لە شەش ملیار دۆلار لە چەندین پرۆژەی سەرەکی داوە. کاریگەری ئەو وەبەرهێنانە لە ژمارەی هۆتێل و چێشتخانەکانی هەرێمی کوردستان بەڕوونی دیارە کە زۆر زیادی کردووە، بەرهەمیئەو هەوڵانەش لە ساڵی ٢٠٠١٤ پێگەیشت، کاتێک هەولێر بە فەرمی وەک پایتەخی عەرەبی گەشتیاری لە لایەن ئەنجوومەنی گەشتیاری عەرەبی دەستنیشانکرا.

شوێنی جۆراوجۆری گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان
شوێنی گەشتیاری جۆراوجۆر لەهەرێمی كوردستان هەیە كە لەو ژمارەیە ٢٩٠٠ شوێنیان بنكە و شوێنی گەشتیارین و ٢٠٠ تریان شوێنی فەرهەنگی و شوێنەواری و هاوینەهەوارن .
شوێنە گەشتیاریەكان لەهەرێمی كوردستان بریتین لەهۆتێل و مۆتێل و ڕێستورانت و گوندی گەشتیاری و چێشتخانەی خواردنی خێرا كە لە ٦١٠ هۆتێل و ٣١٩ مۆتێل و ٢١١٨ رێستورانت و ٥٢ گوندی گەشتیاری پێك دێن لەموتێل و هۆتێلەكانیش ٦٠ هەزارو ٩١٣ قەرەوێڵە وبیست و سێ هەزارو پێنجسەد و نەوەد و حەوت ژوور هەیە. لەئێستادا زیاتر لە ٤٨٠ كۆمپانیای گەشتیاری لەهەرێمی كوردستان تۆماركراون كە ٪٩٥ یان گەشتیار دەبەنە وڵاتانی دەرەوەی هەرێم و ٪٥ یان بە گرووپ گەشتیار دەهێننە هەرێم و ژمارەكەش لە گۆڕاندایە و لەكاتی هەر سەرپێچیەك لەلایەن كۆمپانیاكان بەرامبەر گەشتیاراندا بەتایبەتی لەدەرەوەی هەرێم، بەڕێوەبەرایەتییەکان لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەكەن و بە ئاگاداركردنەوەی كۆمپانیاكە دواتر پێ بژاردنی بەبڕێك پارەو پاشانیش داخستن و وەرگرتنەوەی مۆڵەت لەكۆمپانیاكە سزایان دەدەن.
بایەخدانی سەرۆکی حکوومەت بە کەرتی گەشتوگوزار
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بایەخێکی زۆری بە پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار داوە، هەر لەكاتی سەردان و بەسەركردنەوەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، یەكێك لەو بابەتانەی گرنگی لای سەرۆكی حكومەت هەبوو، كەرتی گەشتوگوزار بوو، هەر بۆ هەمان بوار وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕاپۆرتێكی ١٧ خاڵی خستە بەردەست سەرۆكی حكومەت، دواتر لە ئەنجوومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەیەكی هەفتانە، بڕگەیەك بۆ ڕاپۆرتەكانی گەشتوگوزار تەرخانكرا، لە كۆتاییدا سەرجەم پێشنیارەكان پەسندكران و فەرمانی جێبەجێكردنیان بۆ دەركرا، واتە سەرۆكی حكومەت و وەزارەت ئەركی خۆیان جێبەجێ کرد و هەموو جۆرە پاڵپشتیەكیان بۆ دەستەی گشتیی گەشتوگوزار و پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار راگەیاند.

ئاماری گەشتیاران لە هەرێمی کوردستان
نیوەی یەکەمی ساڵی ڕابردوو سێ ملیۆن و سەد و دوازدە هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو، بەڵام شەش مانگی ئەمساڵ ژمارەکە بەرزبووەتەوە بۆ چوار ملیۆن و پێنج سەد هەزار، ئەو گەشتیارانەی دێنە هەرێمی کوردستان، زۆرینەیان خەڵکی پارێزگاکانی باشوور و نێوەڕاستی عێراقن، بەشێکیشیان لە دەرەوەی عێراقەوە دێنە هەرێمی کوردستان، بەشێکیش لە گەشتیاران، گەشتیاری نێوخۆیین، ئەوانەی لە شارێکەوە دەچنە شارێکی دیکە و زیاتر لە ٢٤ کاژێر دەمێننەوە. گەشتوگوزار، وشەی “سەردانیکار” بۆ ئەوان بەکاردەهێنێت.
لە هەرێمی كوردستان ئاماری هاتنی گەشتیاران لە بازگە و خاڵە سنووریەكان و فڕۆكەخانەكان وەردەگیرێت، لە هەریەك لە شوێنەكان و ناوچەكان بەجۆرێك هەژمار دەكرێت كە جیاوازە لە ناوچەیەكی تر، ئەمەش كیشە نییە، كێشەكە لەوەدایە، كە ئەو كەسانەی دێنە هەرێمی كوردستان و بە گەشتیار هەژمار دەكرێن، هەموویان گەشتیار نین! ئەگەر هەمووشیان بە گەشتیار ئەژمار بكرێن، دیسان كیشەكە لەوە گەورەترە. بۆ نموونە هەموو ئەو گەشتیارانەی دێنە هەرێمی كوردستان نیوەی زیاتر نابن بە گەشتیار، ئەمەش لەبەر ئەوەی کە لە ٨٥٪ بۆ ٩٠٪ گەشتیارەكانی هەرێمی كوردستان گەشتیاری ناوخۆی عێراقن و بە سیستەمی هەژماركردنی جیهانی گەشتیاری ناوخۆ هەژمار دەكرێن، واتە ئەمانە هیچ پارەیەكی گرانبەها ناهێنە هەرێمی كوردستان، ئەو پارەی دێتە هەرێمی كوردستان هەمان ئەو پارەیە كە لە هەرێمی كوردستان بەكار دەهێنریت. پارەی ئەو گەشتیارانە نابێتە هۆی بەرزكردنەوە بۆ نرخی پارەی هەرێمی كوردستان، بەڵام جوڵەی دەخاتە بازاڕەكان. ئەو گەشتیارانەی لە ئێرانەوە دێنە هەرێمی كوردستان بەشی زۆریان كوردی خۆرهەڵاتن، ئەوانیش هەمان شێواز و ڕێسای هاتنی عەرەبی عێراق دەیانگرێتەوە، چونكە ژمارەیەكی زۆر لە كوردی خۆرهەڵات لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێن، واتە خزم و كەسەكانیان بەناوی گەشتیار دێن و دەچنە ماڵی ئەوان، بەشێكی دیكە ئەوانەن كە برادەر و ناسیاویان لە كاتی ئاوارەبوون لە وڵاتی ئێران بەدەست خستووە، كە دێنە هەرێمی كوردستان دەچنە ماڵی ئەوان.

کەرتی گەشتیاری، هەرێمی کوردستانی بووژاندووەتەوە
گەشتیارێکی زۆر کە بە هۆی شەپۆڵی گەرماوە لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتوونەتە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان.
بۆ نموونە شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای دھۆک جمەیان دێت و لە ئێستادا ڕۆژ بەڕۆژ بە پاسە گەشیارییەکان و یان ئۆتۆمبێلە تایبەتەکانیان ڕوو لە سەیرانگاکانی پارێزگای دھۆک دەکەن. ھەر لەڕێگەی سەرەکی دھۆک- ئامێدی کە بە ئاراستەی سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەکانە، قەرەباڵغی ڕێگاوبان دیار دەکەوێت و گەشتیارێکی زۆر دەبینرێت کە کۆتایی هەفتە دێنە هەوارگە و سەیرانگاکانی هەرێم. لە پارێزگای دھۆک نزیکەی ٢٥٠ ھاوینگە و ٩٠٠ بنکەی گەشتیاری ھەن و دھۆک یەکێکە لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان کە لە رووی جیوگرافی شاخاویە و ساڵانە زۆربەی ئەو گەشتیارانەی دێنە ھەرێمی کوردستان سەردانی ئەم پارێزگایە دەکەن بەجۆرێک لە ساڵی ٢٠٢٢، دوو ملیۆن و پێنج سەد ھەزار گەشتیار سەردانی ئەم پارێزگایەی کردووە، ئەمساڵیش ڕێژەکە زۆر زیاتر بووە.