فازڵ میرانی
سەركردایەتی پارتیمان بانگەوازی هێوربوونەوەی دۆخەكە و گفتوگۆكردن دەكات، ئاخر هێوربوونەوە و گفتوگۆ سەلامەتترین ڕێگەن بۆ گەیشتن بە ئەنجامگەلێكی دوور لە وێرانە و خەسارەت، چونكە ئێمە و ئەوانی دیكەیش خودان دۆزێكین لە تەك مافەكانمانەوە بە هێمنی هەنگاو دەنێین، نامانەوێت لە بەرانبەر لێشاوی بەربڵاوی بەرژەوەندیی كەسانی دی، كە لە هاندەر و پاڵنەرەكانیان تێ دەگەین، خوێن بڕژێت. ڕەنگە بۆ پڕوپاگەندەیەك، یان پاراستنی دەستكەوتێكی ناڕەوا بێت، دەشبێ بۆ پەردەپۆشكردنی كەتنێك، یان ڕووپۆشكردنی چەند
ڕووداوێكی ڕابردوو بێت. كەركووك بە نەخشەیەكی كوردستانی شارێکی عێراقییە، جوگرافیا و كوردەكانی تازە نین، ژمارەشیان كەم نییە، بە سیاسیەت و بیرکردنەوەی كۆنەوە بەدبەخت و گیرۆدە بوون، ئیلهام وەرگرتن لە سیاسەتی پێشوو، هێشتاش هەر بەردەوامە، ئینجا بە دەست لەپشتدان بێت، یان بۆ بەدەستهێنانی ناونیشانی نوێی حزبی بێت. ئەوەی لە كەركووك ڕێگریمان لی دەكات پاساوێك دەهێنێتەوە و دەیەوێت بە زۆر ئێمەیش پێیەوە پابەند بكات، زەحمەتێك وەبەرخۆی نادات لە مێژووی ئەو شارە بپرسێت، ئاخر حزبایەتی وای لێ كردووە ڕەئی گشتی چەواشە بكات بەوەی نەتەوەكانی كەركووك لە كێشمەكێش و هەرادان و بەربەست بۆ ڕێكەوتنی دەوڵەت دروست دەكات. نەهامەتی و دەردەسەرییەكان دەست لە شاری كەركووك بەرنادەن، ئەمەیش خۆی لەوە دەبینێتەوە، كە دەستەڵات مافی گەلەكەی دەستبەر ناكات، یان خاووخلیسكی دەنوێنێ، یان خۆی بە خەجاڵەتبار نیشان دەدات، یان لاموجیم و حەفت و هەشت دەخاتە نێو ئەو ڕێكەوتنە، ئیتر لەنێوان بەربەست و قبووڵی شاراوە و دانانی هەمووان لە تای تەرازووی لاسەنگدا دێ و دەچێت. ڕاستییەكەی ئێمە كەركووكمان بۆ دەنگی هەڵبژاردن ناوێت، پێشتر شەڕێكی زۆرمان كرد تاكوو عێراق كەوتە سەر ڕێڕەوی ئەو دەوڵەتانەی باوەڕیان بە هەڵبژاردنی ئازاد هەیە. ئێمە كەركووكمان بۆ نەوتەكەی ناوێت، كە دواتر بوو بە دەستكەوتی ئەوانەی لەگەڵ نیزامدا بوون، یان ئەوانەی منەتی ئۆپۆزسیۆنبوونی پێشتریان بەسەر خەڵكەوە دەکرد. ئێمە جەنگاین تاكوو كەركووك نەبێتە پارێزگایەكی دیكەی هەژارنشین. ئێمە دەمانەوێت كەركووك ببێتە شارێكی ئارام و هەر جارە و لایەنێك بە پڕوپاگەندەیەكەوە بەرەو سەركێشیەكی نەبات. وەختێك من ئەوە دەنووسم و هۆشداری دەدەم و زانیارییەكانم دەخەمەڕوو، لەبەر ئەزموونی كەڵەكەبووی چەندان ساڵەمە لەنێو حزبێكدا سەرۆكەكەی مستەفا بارزانییە، ئەوەی عێراقێكی تەندروستی گەرەكە، با كەمێك خوێندنەوەی بۆ بكات، بڕێك بە ویژدانەوە بڕوانێت. ئەرێ بۆ گەلی عێراق بەس نییە، كەسانێك بەرەنگاری جوڵانەوەكەیان بێتەوە، كە تەنیا ترس و كوشت و هەژاریان لێ چنیوەتەوە، ئەرێ لە عەقڵیەت و بیركردنەوەی كۆن
تێرمان نەخوارد؟