دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

د. هەژین تەلعەت: وەرزش لە سووڕی مانگانەدا، ئاساییە

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

ئەو ئافرەتانەی لە ماڵەوە ڕۆژانە سەرقاڵی كاركردن و ئامادەكردنی خواردن و كاروباری ماڵن، ئەو پرسیارەیان لا دروست دەبێت، ئایا ئەم جۆرە كارانەیان جێگەی وەرزشیان بۆ دەگرێتەوە و دەتوانن وەرزش نەكەن؟

د. هەژین تەلعەت سامان ماستەر لە پزیشكی وەرزشی لە بەریتانیا لە بارەی ئەو پرسیارەوە ڕوونی دەكاتەوە كە ئەم جۆرە كارانە جێگەی وەرزش ناگرێتەوە، بەڵام لە هەمانكاتدا كاری ماڵ سوودی خۆی هەیە، هەربۆیە دەتوانین كاری ئافرەتان بكەین بە دوو بەشەوە، كاری ماڵ و وەرزش؛ كاری ماڵ سوودی خۆی هەیە وەك سووتاندنی كالۆری و زیادبوونی هەناسە و لێدانی دڵ، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە كە ببێتە هۆی جێگیرەوەی وەرزشكردن، چونكە وەرزشكردن هۆكارێكە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی تەندروست لێدانی دڵ زیاد بكات و ئارەقەیەكی زۆر بكەیت.

چ كاتێك گونجاوە بۆ وەرزشكردن؟
د. هەژین تەلعەت: باشترین كات بۆ وەرزشکردن ئەو كاتەیە كە دەتپەرژێ و كاتت هەیە بۆی، بەڵام وەرزشكردن ئامادەكاریی دەوێت، هەربۆیە ناكرێ لەسەر گەدەی بەتاڵ وەرزش بکەیت، یانیش بە پێچەوانەوە وەرزشكردن لەسەر گەدەی پڕ، هەربۆیە باشترین كات دوو بۆ چوار سەعات دوای ژەمی سەرەكی دەبێت، چونكە كاتێ ورزش دەكەیت لەش پێویستی بە ئاو و ڤیتامین و وزە هەیە، هەربۆیە باشترە لە كاتی وەرزشكردن ناو لەشت یان خوێنت ئەو شتانەی تێدا بێت نەك بە پێچەوانەوە لە نێو گەدە یان ڕیخۆڵە. هەروەها باشتر وایە كە وەرزشت كرد دواتر كاتت هەیبێت بۆ نانخواردن، هەربۆیە كەسێك لە دوای سەعات دە یان یانزەی شەو وەرزشی كرد دواتر كاتی نابێت بۆ نان خواردن.

ئایا ئارەقەكردنێكی زۆر نیشانەیە بۆ سووتاندنی چەورییەكی زۆر؟
د. هەژین تەلعەت: لە بەركردنی نایلۆن بۆ ئەوەی ئارەقەیەكی زۆر بكیەت یانیش لە بەشێك لە هۆڵەكانی لەشجوانی دابینكردنی ژوورێكی گەرم بۆ ئەوەی لە كاتی وەرزش ئارەقەی زۆر بكەیت، ئەمە كارێكی زۆر هەڵەیە، چونكە ئەو ئارەقەیە سووتاندنی چەوری نییە بەڵكو تەنها ئاوی جەستەتە، لە دەستدانی ئاوی لەش زیانی زۆری هەیە، ئەوانەی بۆ ماوەیەكی زۆر وا بكەن ئەگەری تووشبوونیان بە بەردی گورچیلە هەیە، یان پووكانەوەی ماسولكەكان، سۆدیۆم لە لەش كەمدەكات ( كەسەكە هەست بە بێزاری و سەرئێشە دەكات)، یانیش هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، زۆرجار ئەوەمان بینیوە لە هاوینان كەسێك لە پارك لە كاتی وەرزشدا بووراوەتەوە، ئەمەش هۆكاری ئەوەیە كەسەكە زۆر زیاتر لە حەد، خۆی خۆی ماندوو كردوە بۆیە پلەی گەرمای جەستەی بەرز بووەتەوە و بووراوەتەوە.
هەربۆیە هەندێك بیرۆكە هەیە لە كاتی وەرزشدا هەڵەیە و پێویستە ڕاوێژ بە پزیشكی پسپۆڕ بكرێت یان كەسانی شارەزا.

ئایا لە كاتی سووڕی مانگانەدا ئافرەتان وەرزش بكەن؟
د. هەژین تەلعەت: بەڵی ئافرەتان دەتوانن بە هەمان شێوەی پێشوی خۆیان لە سووڕی مانگانەیشدا وەرزش بكەن، بەڵام لە كاتی هەستكردن بە لایەنی دەروونی دەتوانێت كەمێك توندیی وەرزشەكەی كەم بكاتەوە.
وەرزش لە كاتی سووڕی مانگانەدا هۆكارێكە بۆ كەمکردنەوەی فشاری دەروونی و، لە سووڕی مانگانەدا وەرزشكردن سوودی هەیە، ئەمەش بە تایبەت بۆ ئەو ئافرەتانەی كە دەیانەوێت ماسوولكەیان زیاد بكات.