گەرمیان گلی – ههولێر
پارێزەر محەمەد کوردستانی، باس لە هۆکارەکانی زیادبوونی هەڵوەشانەوەی هاوسەرگیریی دەکات لە کوردستان و بە ئامار مەترسییەکان دەخاتەڕوو. ئەو دەڵێت: زوو زەماوەند کردن، یەکێکە لە هۆکانی زیادبوونی جیابوونەوە و دەڵێت: لە ساڵی ٢٠٢٢ بڕی ١٣٦٠ حاڵەتی لێکجیابوونەوەی ئەو ھاوسەرانە تۆمارکراوە کە تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ١٩ ساڵییە.
هۆ سەرەکییەکانی ڕێژەی زۆریی تەڵاق چییە لە هەرێمی کوردستان؟
ئەو بابەتە خۆی لەچەند خاڵێک دەبینێتەوە، یەکەمیان نەبوونی پەروەردەی تەندروستە لەلایەن خێزانەوە. پەروەردە بریتییە لە پێگەیاندن و تێگەیاندنی مرۆڤ لە لایەن کەسانی لە خۆی گەورەتر یان شارەزاتر لەسەر کۆمەڵێک بنەمای ئەخلاقی کە کۆمەڵگە لەسەری ھاوڕایە.
ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە دایک و باوکان ھەوڵی پەروەردەکردنی منداڵکانیان دەدەن بۆ ئەم ئامانجێک، بەڵام بە ڕێگای ھەڵە وەکو بەکارھێنانی ڕێگای توندوتیژی و جنێودان و سەرکۆنەکردن و چەندین ڕێگای تری ھەڵە، وە ئەم منداڵە کاتێک گەورە دەبێت ھەمان ئەو ڕێگا چەوتانە بەکاردەھێنێت لەگەڵ ھاوسەرەکەیدا، لە ئەنجامدا پەیوەندیەکەیان کە بە ھەزاران وشەی ڕازاوە دەستی پێکردبوو بە تەڵاق کۆتای پێدێت. لایەنێکی تر هەیە ئەویش دەوڵەتە، دەوڵەت دەبێت دایک و باوکێکی خەمخۆرتر بێت بۆ بووک و زاوا لە دایک و باوکی خۆیان زیاتر دەبێت بزانێت کە ئەم بووک و زاوایە خانەی یەکەمی ئەم دەوڵەتەن، بۆیە بەھەموو شێوازێک دەبێت ھەوڵی بەھێزکردنی بدات، ئەمەش لە ڕێگای کردنەوەی ڕاھێنانی ناچاری پێش زەماوەند، لە وڵاتی مالێزیا لە ماوەی (١٠ ) ساڵ جێبەجێکردنی ئەم جۆرە ڕاھێنانە، ڕێژەی لێکجیابوونەوە لە (٣٢%) دابەزی بۆ (٧%).
بە گوتەی ئەو پارێزەرە، پێویستە ھاوسەران شارەزاییان لە زانستی دەرونناسی هەبێت، بۆئەوەی گرێ دەرونییەکانی یەکتری بزانن و لەکاتی کێشەکان مامەڵەی پیویست بکەن.
ئەو پارێزەرە، هۆیەکی دیکەی زۆربوونی ڕێژەی جیابوونەوە بۆ خراپبوونی بارودۆخی ئابووری و زیاد بەمادیکردنی ژیان دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت؛ زیاد لە بەمادیکردنی ژیان دیسان ھۆیەکی تری لێک جیابوونەوەیە بە تایبەت لای ئافرەتان وە بەتایبەتتر لەم سەردەمە بە ھۆی زۆر بوون و بڵاوبوونەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و زۆر بەکارھێنانیان، کاتێک ئافرەتێک لە مۆبایلەکەی سەیر دەکات ڕۆژانە ھاوڕێکەی یان خزمەکەی خەریکی گەڕان و گەشتکردنە، ئەویش ھەمان داواکاری لە پیاوەکەی دەکات، وەکاتێک پیاوەکەی ناتوانێت ھەمان شتی بۆبکات بە ھۆی نە گونجانی بارودۆخ، ژن وا دەزانێت کە پیاوەکەی بایەخی پێنادات و لە ئەنجامدا پەیوەندی ھاوسەرگیریان لاوازدەبێت و دواتر ووردە ووردە بەرەو لێکجیابوونەوە دەڕوات.
دەشڵێت؛ زەماوەند کردن لە تەمەنی گەنجیدا هۆیەکی دیکەیە. باس لە ئامارێک دەکات کە لە ساڵی ٢٠٢٢ دا، ١٣٦٠ حاڵەتی لێکجیابوونەوەی ئەو ھاوسەرانە تۆمارکراوە کە تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ١٩ ساڵییە.
هۆیەکی دیکەش بۆ دەستێوەردانی خزم و کەسو کار لە ژیانی ھاوسەران دەگەڕێنێتەوە، بەبۆچوونی ئەو، لە ھەرێمی کوردستان بە ھۆی ئەوەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بەھێزن و زۆرجار کاتێک کوڕێک ژن دەھێنێت لەگەڵ ماڵی باوکی دەژی، لە ئەنجامدا ھەر ناکۆکیەکی لەگەڵ خێزانەکەی ھەبێت بە زوویی خزمانی تێدەگەن، وە ئەوانیش دەستێوەردان لە کێشەکە دەکەن، بە داخەوە زۆر جار بەھۆی ئەوەی خزمان شارەزاییان نییە لە چارەکردنی کێشەی ھاوسەران، بۆیە کێشەکە گەورەتر دەکەن و دەگاتە ئاستی لێک جیابوونەوە.
ڕێژەی تەڵاق بەراورد بە ساڵی ڕابردوو
پارێزەر محەمەد کوردستانی، دەڵێت؛ لە بەرئەوەی ھیچ داتایەکی ئەم ساڵ بە شێوەیەکی فەرمی بڵاو نەکراوەتەوە، بۆیە بەراوردکاری نێوانی ساڵانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ دەخەمەڕوو، لە ساڵی ٢٠٢١ ڕێژەی تەڵاق و لێکجیابوونەوە ١١٦٩٩ بووە، لە ساڵی ٢٠٢٢ ڕێژەکە ١٣٩٦٧ بووە، ئەمانە بە گوێرەی بڵاوکراوەکانی ئەنجوومەنی دادوەری.
بەداخەوە ڕێژەکە بەردەوام لە زیادبوونە، بۆنموونە لە ساڵی ٢٠٢٢ بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ بڕی ٢٢٦٨ حاڵەت زیادبووە.
دەشڵێت: ئەگەر ھەولێر بەنموونە وەربگرین، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت زۆرترین ڕێژەی لێکجیابوونەوە لەتەمەنی گەنجدایە، لە تەمەنی نێوان ١٥ تا ٣٤ ساڵی ڕێژەی لێکجیابوونەوە ٥١١٥، وە لە نێوان گەنجانیش زۆرترین ڕێژەر تەڵاق لە نێوان ئەو کەسانەیە کە تەمەنیان لە نێوان ١٥ تا ١٩ ساڵییە کە ڕێژەکەی ١٣٦٠ حاڵەتە لە کۆی ئەو ٥١١٥ حاڵەتە، وە لە تەمەنی نێوان ٣٥ بۆ ٦٠ ساڵی بەسەرەوە ٥٣٠ حاڵەتە.
مامەڵەکردنی دادگا لە داواکاری بۆ جیابوونەوە
ئەو پارێزەرە ئەوە دەخاتەڕوو، دادگاکان پەلە ناکەن لە یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی لێکجیابوونەوە، دادوەران خۆیان یان لە ڕێگای توێژەرانی کۆمەڵایەتی زۆرترین ھەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی ھاوسەران بگەڕێنەوە لای یەکتری.