حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دواى شەهیدبوونی چوار هاووڵاتیی کورد لە خۆپیشاندانەکانی ٢ ى ئەیلوولی ٢٠٢٣، بڕیاری دا مامەڵەى شەهیدانە لەگەڵ کەسوکارى شەهیدەکان بکات و بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوانی ڕاسپارد.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژى حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: “مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانی بە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، مامەڵەی شەهیدانە بۆ شەهیدانی ڕووداوەکانی ٢ ى ئەیلوولی کەرکووک بکەن و هەموو هاوکارییەکی تەندروستی و چارەسەریش بۆ بریندارەکان فەراهەم بکرێت.”
ڕۆژى ٢ ى ئەیلوولی ٢٠٢٣، لە گەڕەکی رەحیماوەى کەرکووک، هاووڵاتییان لە دژى داخستنی ڕێگەى کەرکووک – هەولێر، بە ئاڵای کوردستانەوە دەستیان بە خۆپیشاندانی هێمنانە کرد، بەڵام خۆپیشاندان گرژی تێکەوت و چوار هاووڵاتیی کورد بە گولـلە شەهید کران و دەیان خۆپیشاندەری کوردیش بریندار کران.
فەرمانگەى میدیا و زانیاری